ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا دەنگ لەسەر هاوکارییەکانی ئۆکرانیا و ئیسرائیل دەدات

ئاڵای ئەمریکا. فۆتۆ: AP

ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا رۆژی شەممە دەنگ لەسەر پرۆژەیاسا جیاوازەکانی پەیوەست بە تەرخانکردنی پاکێجی هاوکاریی سەربازی بۆ ئۆکرانیا و ئیسرائیل دەدات.

مایک جۆنسۆن، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا رایگەیاند، سەرۆک جۆ بایدن داوای لە نوێنەران کرد کە "بەپەلە" تەرخانکردنی پاکێجی هاوکاریی سەربازی بۆ ئۆکرانیا و ئیسرائیل پەسەند بکەن.

ئەم دەنگدانە رێگە بە ئۆکرانیا دەدات هاوکاریی پێویست بۆ هێزە سەربازییەکانی بەدەستبهێنێت، لەکاتێکدا لە شەڕ دژی رووسیا بەردەوامن و بەدەست کەمیی پێداویستیی سەربازییەوە دەناڵێنن.

بەگوێرەی بەیاننامەیەکی کۆشکی سپی، جۆبایدن، سەرۆکى ئەمریکا رایگەیاندووە، ئەگەر کۆنگرێس پەسەندی بکات، “دەستبەجێ واژۆی لەسەر دەکەم و دەیکەم بە یاسا بۆ ئەوەی پەیامێک بۆ جیهان بنێرم: ئێمە لەگەڵ دۆستەکانمان وەستاوین و رێگە بە ئێران و رووسیا نادەین بۆ ئەوەی سەرکەوتووبێت".

نوێنەران دەنگ لەسەر چوار رەشنووسی یاسا دەدەن، پرۆژەی یەکەم دابینکردنی هاوکاری بە تایبەتی سەربازی بۆ ئۆکرانیا دابیندەکات کە نزیکەی 61 ملیار دۆلارە، هەروەها لە رەشنووسێکی دیکەی یاساکەدا زیاتر لە 26 ملیار دۆلار بۆ پاڵپشتیی ئیسرائیل و ملیاران دۆلار بۆ تایوان تەرخانکراوە.