پارتی پارێزگاران زۆرترین کورسیی پەرلەمانی لە هەڵبژاردنەکەی کرواتیا بردەوە

پارتی یەکێتیى دیموکراتى دەسەڵاتداریی کرواتیا کە بەپارتى پارێزگاران ناسراوە، زۆرترین ژمارەی کورسیی پەرلەمانی بەدەستهێنا، بەڵام دەنگەکانى کەمبووەتەوە و ناتوانێت بەتەنیا حکومەت پێکبهێنێت.

رۆژى چوارشەممە دەنگدانى پەرلەمانى کرواتیا بەڕێوەچوو، تیایدا پارتی یەکێتیی دیموکراتی کرواتیا 58 کورسیی بەدەستهێناوە لە کۆى 151 کورسى، لە کاتێکدا لە هەڵبژاردنەکانی 2020 ژمارەى کورسییەکانى 66 بووە.

هەروەها پارتی سۆسیال دیموکرات 44 کورسی بەدەستهێناوە و بزووتنەوەی نیشتمانی راستڕەو و پارتی مۆزیمۆی چەپی سەوز 13 کورسییان بەدەستهێناوە.

کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان رایگەیاند، پێش داخستنى بنکەکانى دەنگدان، رێژەی بەشداریکردن 50%ی تێپەڕاندووە.

زۆران میلانۆڤیچ، تەمەن 57 ساڵ و سەرۆکى پارتى سۆشیال دیموکرات هەڵبژاردنەکانی بە "ریفراندۆمێک بۆ داهاتووی وڵات" ناوبرد و داوای لە هاوڵاتییان کرد "بچنە دەرەوە و دەنگ بەهەر کەسێک بدەن جگە لە پارتی یەکێتیی دیموکراتی کرواتیا".

ئەندرێ پلێنکۆڤیچ لە ساڵی 2016ـەوە سەرۆکوەزیرانی کرواتیایە، پارتی یەکێتیی دیموکراتی کرواتیا زۆرینەی قۆناغەکانی دوای سەربەخۆیی لە یوگسلافیا لە ساڵی 1991 وڵاتەکەی بەڕێوەبردووە و پارتی سۆسیال دیموکراتیش وەک پایەی سەرەکیی ئۆپۆزسیۆن ماوەتەوە.