وەزیری بەرگریی تورکیا: رێککەوتننامەیەکی ستراتیژی لەگەڵ عێراق واژوو دەکەین

یەشار گولەر، وەزیری بەرگریی توركیا.

 یاشار گولەر، وەزیری بەرگریی تورکیا رایگەیاند "ئەنقەرە و بەغداد دوای چەندین ساڵ، بە ئاراستەی واژووکردنی یەکەم رێککەوتننامەی ستراتیژی ھەنگاو دەنێن".

یاشار گولەر بەرلە ئەنجامدانی کۆبوونەوەی فراکسیۆنی ئاکپارتی لە پەرلەمانی تورکیا لەبارەی سەردانەکەی سەرۆكکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان بۆ عێراق، قسەی بۆ رۆژنامەوانان کرد.

وەزیری بەرگریی تورکیا گوتی "ئۆپەراسیۆنەکانی پەیوەندیدار بە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بەردەوامن، ئێمە پلانەکانمان ئامادە کردووە و بەردەوامین لە کارکردن".

گوتیشی "رۆژی دووشەممە، سەرۆکكۆمار بەرەو عێراق بەڕێدەکەوێت و بۆ یەکەمجار دوای چەندین ساڵ، رێککەوتننامەیەکی ستراتیژی لەگەڵ عێراق واژوو دەکەین".

روونیشیكردەوە "دۆستە عێراقییەکانمان، دەستەواژەیەکی نزیکیان بەکارھێناوە بۆ ناوھێنانی پەکەکە بە تیرۆریست".

یاشار گولەر لە وەڵامی پرسیارێک سەبارەت بەوەی ئایا نیازی دامەزراندنی ناوچەیەکی پارێزراو بە قووڵی 30 کیلۆمەتر لەسەر سنووری تورکیا و عێراق ھەیە، گوتی "بە کرداری ناوچەی پارێزراو دامەزراوە، بەڵام ھەندێک کارھەیە کە پێویستە ئەنجامی بدەین و کار دەکەین بۆ ئەنجامدانیان".

وەزیری بەرگریی تورکیا راشیگەیاند، ئەو کارانە، پەیوەندیدارن بە پاککردنەوەی ناوچەکانی قەندیل و گارای هەرێمی كوردستان لە ئەندامانی پەکەکە.