بوومەرەلەرزەیەکی بەهێز شاری تۆکاتی تورکیای هەژاند و زیانی ماددی لێکەوتەوە.
سەرۆکایەتیی بەڕێوەبردنی کارەسات و دۆخی لەناکاو لە تورکیا رایگەیاند، بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 5.6 و قوڵایی 5.99 کیلۆمەتر ناوەندی شارۆچکەی سولوسەرای سەربە شاری تۆکاتی هەژاندووە.
بوومەرەلەرزەکە هێندە بەهێز بووە لە دەوروبەری تۆکاتیش هەستیپێکراوە و لەوانەش شاری یۆزگات کە تێیدا خانوویەکی دوو نهۆم رووخاوە و تاوەکو ئێستاش هیچ زانیارییەک لەبارەی هەبوونی زیانی گیانی بڵاونەکراوەتەوە.
بوومەلەرزەکە لە شارەکانی چۆروم، ئۆردو، کرشەهیر، سامسون، ئاماسیا، سێواس، قەیسەری، ئەنقەرە و کرشەهیر هەستیپێکراوە.
دوای بوومەلەرزەکەش چەند پاشلەرزەیەک روویداوە کە گەورەترینیان بە گوڕی 3.5 پلەی رێختەر بووە.
ژمارەیەکی زۆر تیمەکانی فریاکەوتن روویان لەو ناوچانە کردووە کە بوومەلەرزەکە زیانی لێداون و عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیاش دەڵێت، بە وردی چاودێری ناوچەکان دەکەن.
ئەمەش لە کاتێکدایە شەوی رابردوو دوو بومەلەرزە بە گوڕەکانی 4.7 و 4.1 شاری تۆکات و دەورووبەری هەژاند و بەو هۆیەشەوە ئەمڕۆ خوێندن لە خوێندنگاکانی شارەکە کرایە پشوو.