ئەمریکا بەئەندامبوونى هەمیشەیى فەڵەستینى لە نەتەوەیەکگرتووەکان ڤیتۆ کرد

ئەنجوومەنى ئاسایش. فۆتۆ: AP

ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا مافى ڤیتۆى دژى پرۆژەبڕیارى بە ئەندامبوونى هەمیشەیى فەڵەستین لە نەتەوەیەکگرتووەکان بەکارهێنا.

لە کۆبوونەوەى رۆژى پێنجشەممە 18ـى نیسانى 2024، وڵاتى جەزائیر  پرۆژەبڕیارى وەرگرتنى فەڵەستینى وەکو ئەندامى هەمیشەیى نەتەوەیەکگرتووەکان پێشکەشکرد و لە ئەنجوومەنى ئاسایش پرۆژەبڕیارەکە خرایە دەنگدانەوە.

بەگوێرەى زانیارییەکان، 12 ئەندامى ئەنجوومەنەکە رەزامەندیاندا بە ئەندامبوونى هەمیشەیى فەڵەستین و دوو ئەندام دەنگیاننەدا، بەڵام ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا مافى ڤیتۆى دژى پرۆژەبڕیارەکە بکارهێنا.

جەزائیر لە پرۆژەبڕیارەکەدا داواى ئەوەى کردبوو، فەڵەستین وەکو ئەندامى هەمیشەیى نەتەوەیەکگرتووەکان وەربگیردرێت، ڤیتۆکەى ئەمریکا بۆ رێگەگرتن بوو لە کردنەوەى دەرگا بەڕووى فەڵەستیندا تاوەکو ببێتە ئەندامى هەمیشەیى.

ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا، رووسیا، چین، فەڕەنسا و بەریتانیا ئەندامى هەمیشەیى نەتەوەیەکگرتووەکانن و مافی ڤیتۆیان دژى بڕیارەکان هەیە.

فەڵەستین لە 29ـى تشرینى دووەمى 2012، بووەتە ئەندامى چاودێرى نەتەوەیەکگرتووەکان، ئەوەش پاش ئەوەى بەئەندامبوونى خرایە دەنگدانەوە و 138 دەنگى بەڵێى لە کۆبوونەوەى نەتەوەیەکگرتووەکاندا بەدەستهێنا، نۆ ئەندام دژى بوون و 41 ئەندامى نەتەوەیەکگرتووەکانیش دەنگیاننەدا.