فەڵەستین: ڤیتۆکەی ئەمریکا هانی ئیسرائیل دەدات بەردەوامبێت لە جەنگ

ژمارەیەک هاوڵاتى لەبەردەم هۆڵى بەڕێوەچوونى کۆنگرەى تایبەت بە فەڵەستین لە ئەڵمانیا، ئاڵاى فەڵەستینیان بەرزکردووەتەوە. فۆتۆ: AFP

دەسەڵاتدارێتی فەڵەستین سەرکۆنەی ڤیتۆکەی ئەمریکای کرد و رایگەیاند، بڕیارەکەی ئەمریکا دژایەتییکردنی ئاشکرای وڵاتەکەیانە.

نووسینگەی سەرۆکایەتیی دەسەڵاتی فەڵەستین بە سەرۆکایەتیی مەحمود عەباس رایگەیاند، سەرکۆنەی ڤیتۆکەی ئەمریکا دەکەن دژی ئەندامبوونی تەواوەتی وڵاتەکەیان لە نەتەوەیەکگرتووەکان، ئەو هەنگاوە بە دژایەتییکردنی روون و ئاشکرای فەڵەستین دەزانن.

ئاماژەی بەوەشکردووە، سیاسەتی دژایەتیی فەڵەستین لەلایەن ئەمریکاوە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە، جگە لەوە هانی ئیسرائیل دەدات بەردەوامبێت لە جەنگ دژی فەڵەستینییەکان، ناوچەکەش دەخاتە لێواری هەڵدێران.

دەسەڵاتی فەڵەستین باسی لەوەشکردووە، ئەم هەنگاوە سیاسەتی ناکۆکى ئامێزی ئەمریکای دەرخست کە لەلایەک بانگەشەی چارەسەری بوونی دەوڵەت دەکات و لەلایەکیش دژایەتی ئەندامبوونی فەڵەستین لە نەتەوەیەکگرتووەکان دەکات.