دەنگى تەقینەوە لە ئێران و سووریا و عێراق بیسترا

کاتى هێرشەکەى ئیسرائیل لە ئەسفەهان.

رۆژنامەیەکى ئیسرائیلى ئاشکرایکرد، دەنگى تەقینەوە لە چەند ناوچەیەکى ئێران، سووریا و عێراق بیستراوە.، رۆژنامەیەکى ئێرانیش دەڵێت، " لەنزیک وێستگەى ئەتۆمى نەتەنز دەنگى تەقینەوە بیستراوە".

رۆژنامەى ئورشەلیم پۆستى ئیسرائیلى بڵاویکردووەتەوە، سەرلەبەیانى ئەمڕۆ هەینى 19ـى نیسانى 2024، دەنگى ژمارەیەک تەقینەوە لە هەریەکە لە ئێران، سووریا و عێراق بیستراوە.

هاوکات، رۆژنامەى ئینتەرناشناڵى ئێرانى رایگەیاندووە، لە ناوچەى شاهین شەهر لە ئەسفەهان و لەنزیک وێستگەى ئەتۆمى "نەتەنز" لە ناوەڕاستى ئێران، دەنگى چەند تەقنیەوەیەک بیستراوە.

هەرچى دەزگا راگەیاندنەکانى سووریایە باسیان لەوەکردووە، ژمارەیەک تەقینەوە لە باشوورى پارێزگاى سویداء لە باشوورى سووریا روویداوە، ئەوەش بەهۆى بۆدروومانى فڕۆکە جەنگییەکانى ئیسرائیلەوە بووە.

روونیشکراوەتەوە، بەگوێرەى زانیارییە سەرەتاییەکان چەند فڕۆکەیەکى جەنگى پێگە سەربازییەکانى نێوان هەردوو پارێزگاى درعا و سویدایان بۆردوومانکردووە.

هاوکات بەگوێرەى زانیاریى کەناڵ8، ژمارەیەک فڕۆکە بەسەر ئاسمانى بەغداد، هەولێر، کەرکوک و موسڵ و ناوچەکانى دەوروبەردا دەسوڕێنەوە.