میدیاى ئێران ئاشکرایانکرد، ئەنجوومەنى باڵاى ئاسایشى نەتەوەیى ئێران لە کۆبوونەوەدایە و سوپاى پاسداران لەحاڵەتى ئامادەباشیدایە و چاوەڕێى فەرمانە.
بەگوێرەى زانیاریى میدیاى ئێران، پاش هێرشەکانى ئیسرائیل بۆ سەر چەند پێگەیەک لە ئێران، سیستمى بەرگریى لە ئەسفەهان و چەند پارێزگایەکى دیکە کەوتووەتە کار و سوپاى پاسداران لە حاڵەتى ئامادەباشیدایە.
روونیشکراوەتەوە، دەستبەجێ ئەنجوومەنى ئاسایىشى نیشتمانیى ئێران کۆبووەتەوە و سوپاى پاسدارانیش چاوەڕێى فەرمانى ئەنجوومەنەکەیە.
هاوکات، دەستەى پەخشى ئیسرائیل ئاشکرایکرد، سوپاى ئیسرائیل چەند پێگەیەکى لەناو خاکى ئێران بۆردوومانکرد و بەرپرسێکى ئەمریکیش بە میدیاکانى گوتووە، ئاگادارى سەرجەم ئەو راپۆرتانەن کە باس لە هێرشى ئیسرائیل بۆ سەر چەند پێگەیەک لەناو خاکى ئێران دەکەن.
تاوەکو ئێستا نە حکومەتى ئێران و نە حکومەتى ئیسرائیل، بە فەڕمى باسیان لە هێرشەکە نەکردووە و دانیان بەوەدا نەناوە، کە ئیسرائیل هێرشیکردبێتە سەر ئێران.
لەلایەن دیکەوە، کۆمپانیاى فڕۆکەوانى و بواریى ئاسمانى ئێران بڵاویکردووەتەوە، سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکان لە بەشێکى تاران، ئەسفەهان و تەواوى رۆژئاواى ئێران راگیراون.