لیژنەیەکى ئەمریکى - عێراقى بۆ چارەسەرى کێشە بانکيیەکانى عێراق پێکهێندرا

لۆگۆی بانکی ناوەندیی عێراق

پارێزگارى بانکى ناوەندیی عێراق رایگەیاند، لیژنەیەکى ئەمریکى - عێراقى بۆ چارەسەرى کێشە بانکییەکانى عێراق لە کۆبوونەوەى نێوان شاندى عێراق و وەزارەتى گەنجینەى ئەمریکا پێکهێندراوە.

عەلى عەلاق، پارێزگارى بانکى ناوەندیی عێراق رایگەیاند، لەکۆبوونەوەى نێوان شاندى عێراق و وەزارەتى گەنجینەى ئەمریکا بریاردراوە بە پێکهێنانى لیژنەیەک لەنێوان (بانکى ناوەندیی عێراق، وەزارەتى گەنجینەى ئەمریکا، بانکى فیدراڵیى ئەمریکى).

لیژنەکە پێکەوە کار لەسەر دۆسیەى ئەو بانکە عێراقییانە دەکات کە لەماوەى رابردوو لەلایەن وەزارەتى گەنجینەى ئەمریکا سزادراون.

پارێزگارى بانکى ناوەندیى عێراق دەڵێت: "رێکارەکانى بانکى ناوەندى بۆ گواستنەوەى پارە بۆ دەرەوە لە 80% سەرکەوتوو بووە و کاردەکەن بۆئەوەى تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ بەگوێرەى پێوەرە سەردەمییەکانى گواستنەوە "حەواڵەى دراو" کاربکەن و ئەو 20%ی کە ماوە، چارەسەرى بکەن.

عەلى عەلاق، پارێزگارى بانکى ناوەندیی عێراق باسى لەوەشکردووە، بانکەکان پێویستە لەرووى تەکنیکییەوە پەرە بەکارەکانیان بدەن و لەگەڵ سندوقى دراوى نێودەوڵەتى بەردەوامن لەکارکردن و لە ئایندەیەکى نزیکدا شاندێکى بانکى نێودەوڵەتى سەردانى عێراق دەکەن.

لەساڵى رابردوو، وەزارەتى گەنجینەى ئەمریکا ژمارەیەک بانکى عێراق و هەرێمى کوردستانى سزادا و رایگەیاند، ئەو بانکانە هەوڵى بردنەدەرەوەى دۆلاریان بە قاچاخداوە و پارەیان سپى کردووەتەوە.