هێڵی ئاسمانیی لۆفتانزا گەشتەکانی بۆ هەولێر و بەغداد راگرت

چەند فڕۆکەیەکی کۆمپانیای لوفتانزا

کۆمپانیای لۆفتانزای ئەڵمانی، رۆژی هەینی 19ی نیسان، راگرتنی گەشتەکانی بۆ هەریەک لە هەولێر و بەغداد و تەلئەڤیڤ تاوەکو سەرلەبەیانی رۆژی شەممە 20ی نیسان راگەیاند، دوای هێرشەکەی ئیسرائیل بۆسەر ئێران.

گوتەبێژی کۆمپانیای لۆفتانزا دەڵێت: "بەهۆی بارودۆخی ئێستاوە گەشتەکانمان هەڵوەشاندووەتەوە"، روونیشیکردەوە کە ئەم رێوشوێنە تاوەکو رۆژی شەممە کاتژمێر 5ی بەرەبەیان بە کاتی جیهانی کاریپێدەکرێت.

هێڵی ئاسمانیی نەمسایی-ش رۆژی هەینی راگرتنی گەشتەکانی بۆ هەولێر و تەلئەڤیڤ لە ئیسرائیل "وەک رێکارێکی خۆپارێزی" راگەیاند، کە عەممانی پایتەختی ئوردنیش دەگرێتەوە.

کۆمپانیاکە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، "دۆخی ئەمنی بە قووڵی هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێتەوە".

پێشتریش ئەو دوو کۆمپانیایە گەشتەکانیان بۆ تارانی پایتەختی ئێران، تاوەکو 30ی نیسان راگرت.