سودانی باسی ئەنجامی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ بایدن دەکات

محەمەد شیاع سودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق فۆتۆ: پەڕەی فەرمیی حکومەتی عێراق

سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، لەگەڵ سەرۆک بایدن گفتوگۆمان لەسەر رێککەوتنی ستراتیجی نێوان عێراق و ئەمریکا کرد و دەبێـت سەرجەم بەندەکانی چالاک بکرێت.

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، "لە ئەمریکا کارمان لەسەر چەندین دۆسیە گرنگ کرد لەوانە کەرتی وزە و گاز و بەکارهێنانی بۆ بواری کارەبا".

گوتیشی، "لەکۆبوونەماندا لەگەڵ وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا باسمان لە بانکە سزادراوەکان کردووە و لیژنەیەکی هاوبەشمان پێکھێناوە بۆ چارەسەر کردنی کێشەکە".

سودانی ئاماژەی بەوەشکرد، "وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا شایەتی ئەوەی داوە کەرتی بانکی و بانکەکان لە عێراق گەشەیان کردووە".

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا سودانی گوتی، "جەختمان کردووە لە وەستاندنی جەنگی غەززە کە کێشەی گەورەی لە ناوچەکە دروستکردووە".

ئاماژەی بەوەشکرد، "لە ئێستادا گەلانی عێراق پێکەوە کاردەکەن و توانیویانە بەسەر تیرۆردا سەرکەون".

گوتیشی، "ئێمە پێویستمان بە ئەمریکا هەیە لەهەموو  کەرتە جیاوازەکاندا چونکە ئەمریکا وڵاتێکی پێشکەوتووە".

باسی لەوەشکرد، "ئێمە دەتوانین لەیەک کاتدا پەیوەندیمان لەگەڵ ئەمریکا و ئێراندا هەبێت و رۆڵمان هەبێت لە کەمکردنەوەی گرژییەکانی نێوانیان و عێراق توانیویەتی رۆڵی باش ببینێت لە نزیککردنەوەی ئێران و وڵاتانی دیکەی کەنداو".