دووبارە حەشدى شەعبى لە پارێزگاى بابل بۆردوومانکرا

بەهۆى بۆردوومانەوە ئاگر لە بارەگایەکى حەشدى شەعبى لە بابل کەوتووەتەوە.

دەنگى تەقینەوەیەکى بەهێز لە سەربازگەیەکى پارێزگاى بابل بیسترا، بەگوێرەى زانیارییەکان بارەگایەکى حەشدى شەعبى بۆردوومانکراوە، پۆلیسى بابلیش هەواڵەکەى پشتڕاستکردەوە.

میدیاى عێراقى، شەوى 19 لەسەر 20ـى نیسانى 2024، دەنگى تەقینەوەیەکى بەهێز لە سەربازگەى کالسۆ لە پارێزگاى بابل بیستراوە، بەشێوەیەک سەرجەم دانیشتووانى بابل گوێیان لێبووە.

بەگوێرەى زانیارییەکان، پاش هێرشەکە ژمارەیەک فڕۆکەى بێفڕۆکەوانى جۆراوجۆر کە گومان دەکرێت ئەمریکى بن، بەسەر ئاسمانى ناوچەکە و پارێزگاکانى بەغداد و کەربەلاشدا دەسوڕێنەوە.

میدیاى عێراقى ئاماژەى بەوەشداوە، زانیارییەکان باسلەوەدەکەن کە بارەگایەکى حەشدى شەعبى لەنزیک سەربازگەکە کراوەتەئامانج.

لەبارەى تەقینەوەکان ئاژانسى رۆیتەرز بڵاویکردووەتەوە، تەقینەوەیەکى بەهێز لە بنکەیەکى سەربازى لە باشوورى عێراق روویداوە، کە حەشدى شەعبى وەکو بارەگا بەکاریدەهێنن.

لاى خۆشیەوە، عەمید عادل حسێنى، بەڕێوەبەرى راگەیاندنى پۆلیسى بابل گوتویەتى، تەقینەوەیەکى بەهێز لە بنکەى سەربازیى کالسۆ لە پارێزگاکە روویداوە.

هەر لەبارەى بۆردوومانەکەوە، ئاژانسى فرانس پرێس لەزارى سەرچاوە ئەمنییە عێراقییەکانەوە بڵاویکردووەتەوە، تەقینەوەکە کوژراو و بریندارى لێکەوتووەتەوە.