ئەمریکا و هاوپەیمانان رەتیدەکەنەوە هیچ پەیوەندییەکیان بە تەقینەوەکانی بابلەوە هەبێت

کاتى تەقینەوەکەى ناو سەربازگەى کالسۆ لە پارێزگاى بابل.

هەریەک لە فەرماندەی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق رایانگەیاند، هیچ پەیوەندییەکیان بە تەقینەوەکانی شەوی رابردووی پارێزگای بابلەوە نییە.

لە را گەیەنراوێکدا کە دوای تەقینەوەکانی پارێزگای دیالە بڵاویکردەوە، فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد، ئەوان هیچ رۆڵێکیان لە تەقینەوەکانی بابلدا نەبووە و هیچ هێرشێکیان ئەنجامنەداوە.

لای خۆشیانەوە، هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق لەراگەیەنراوێکدا رەتیانکردەوە، دەستیان لە تەقینەوەکانی پارێزگای بابلدا هەبێت و دڵنیاییاندا کە شەوی رابردوو هیچ هێرشێکیان ئەنجامنەداوە.

هاوکات، هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە، بەردەوامدەبن لە پشتیوانیکردنی عێراق وەکو هاوکار و هاوبەشێکی گرنگ.

شەوى 19 لەسەر 20ـى نیسانى 2024، دەنگى تەقینەوەیەکى بەهێز لە پارێزگای بابل بیسترا و بەگوێرەى زانیارییەکان، پاش هێرشەکە ژمارەیەک فڕۆکەى بێفڕۆکەوانى جۆراوجۆر کە گومان دەکرێت ئەمریکى بن بەسەر ئاسمانى ناوچەکە و پارێزگاکانى بەغداد و کەربەلاشدا سوڕاونەتەوە، زانیارییەکان باسلەوەدەکەن کە بارەگای حەشدى شەعبى لە سەربازگەکە کراوەتەئامانج

بەگوێرەى زانیارییەکان، تەقینەوەکە لە بارەگای سەرۆکایەتی ئەرکان و هەردوو لیوای 28 و 17ـى حەشدی شەعبی و گەنجینەکانی چەک و تەقەمەنی لە سەربازگەى کالسۆ روویداوە، ژمارەی بریندارانی هێرشەکەی سەر سەربازگەی کالسۆ تاوەکو ئێستا گەیشتووەتە سێ کەس.

دەستەی حەشدی شەعبی لە بارەی هێرشەکانەوە راگەیندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی داوە بەوەی، چەند تەقیینەوەیەک روویانداوە و زیانی گیانی و ماددیان هەیە و تیمەکانی لێکۆڵینەوەیان گەیشتوونەتە جێگای تەقینەوەکان.