عەبدوڵاهیان: درۆنەکانى شەوى هەینى زیاتر لە یاریى منداڵانە دەچوون

حسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان، وەزیرى دەرەوەى ئێران، لە بارەگاى نەتەوەیەکگرتووەکان. فۆتۆ: AP

وەزیرى دەرەوەى ئێران هێرشە درۆنییەکەى شەوى هەینى بۆ سەر وڵاتەکەى بە یاریى منداڵانە ناودەبان و دەشڵێت "ئیسرائیل هێرشى دیکە نەکاتە سەرمان، وەڵامیان نادەینەوە".

حسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان، وەزیرى دەرەوەى ئێران بە کەناڵى (ئێن بى سی) ئەمریکى گوتووە، ئەوەى شەوى هەینى روویدا هێرش نەبوو، ئەو درۆنانەى بەکارهێنران لە یاریى منداڵانە دەچوون نەوەکو درۆن.

ئاماژەى بەوەشکردووە، تاوەکو ئێستا لێکۆڵینەوەکان لەبارەى ئەو ئەو شوێن و لایەنەى درۆنەکانى ئاڕاستەکردووە بەردەوامە.

عەبدوڵاهیان لەبەشێکى دیکەى قسەکانیدا گوتى، "ئەگەر ئیسرائیل سەرکێشى دیکە نەکات و بەرژەوەندییەکانى ئێران نەکاتەئامامج، ئەوانیش وەڵامى نادەنەوە و کاردانەوەى نوێیان نابێت".

باسى لەوەشکرد، "بەڵام ئەگەر ئیسرائیل هەر هەنگاوێک بەرامبەر وڵاتەکەم بگرێتەبەر، ئەوا وەڵاممان خێرا و بەهێز و گەورە دەبێت، بەشێوەیەک پەشیمانیان دەکەینەوە".

لەپاش هێرشەکەى ئیسرائیل بۆ سەر کونوسڵخانەى ئێران لە دیمەشقى پایتەختى سووریا، ئێران لە رێگەى سەدان درۆن و مووشەکەوە وەڵامى ئیسرائیلى دایەوە و هێرشیکردەسەر ژمارەیەک پێگە لەو وڵاتە، لەبەرامبەریشدا شەوى هەینى، بە ژمارەیەک درۆن هێرشکرایە سەر چەند پێگەیەکى ئێران لە شارى ئەسفەهان و چەند ناوچەیەکى دیکە.