هاکان فیدان: بۆ گەیاندنى هاوکارییەکان بە غەززە هاوکارى تەواو لەگەڵ میسر دەکەین

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا. فۆتۆ: AP

وەزیرى دەرەوەى تورکیا رایگەیاند: بۆ گەیشتن بەرێککەوتنى تەواو بۆ راگەیاندنى ئاگربەست و گەیاندنى هاوکارى بۆ غەززە لە هەوڵەکانیان بەردەوامن.

هاکان فیدان، وەزیرى دەرەوەى تورکیا، لە کۆنفرانسێکى رۆژنامەوانى لەگەڵ سامح شوکرى هاوتا میسرییەکەى، رایگەیاند: بۆ گەیاندنى هاوکارییەکان بۆ کەرتى غەززە هاوکارى تەواو لەگەڵ میسر دەکەین.

راشیگەیاند، لەرووى ئابوورییەوە قەبارەى بازرگانى نێوان تورکیا و میسر بۆ 15 ملیار دۆلار بەرزدەکەینەوە.

هاوکات سامح شوکرى، وەزیرى دەرەوەى میسر، رایگەیاند: بۆ کۆبوونەوەى لوتکەى هەردوو سەرۆکانى میسر و تورکیا ئامادەکاریى تەواو دەکەن.

لەبارەى دۆخى غەززەش، وەزیرى دەرەوەى میسر، گوتى "هەوڵەکانمان بەردەوامن تاوەکو بگەین بە رێککەوتن بۆ ئاگربەست لە غەززە".

هەروەها لەبارەى دەوڵەتى فەڵەستین، ئاشکرایکرد، سوورن لەسەر دروستکردنى دەوڵەتى فەڵەستین و لەو رووەشەوە هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە.