زانیاریی لەبارەی کوژرانی گەنجێک لە چەمچەماڵ لەلایەن هاوڕێکەیەوە

لە چەمچەماڵ گەنجێک لەلایەن هاوڕێکەی خۆیەوە کوژرا و پۆلیس دەڵێت، هاوڕێکەی دەمانچەی پاککردووتەوە و فیشەکی لەدەستدەرچووە.

محەمەد عەبدی، بەڕێوەبەری پۆلیسی چەمچەماڵ بە کەناڵ8ـی راگەیاند، شەوی رابردوو لە گەڕەکی ئاسودە کە بە ئەنفالەکان ناسراوە، گەنجێک لەکاتی پاککردنەوەی دەمانچە فیشەک لە دەستی دەرچووە و بەر هاوڕێیەکی خۆی کەوتووە و بەهۆیەوە برینداربووە و رەوانەی نەخۆشخانە کراوە و ئەمڕۆ گیانیلەدەستداوە و ئەو کەسەشی کە فیشکەکەی لەدەستدەرچووە دەستگیرکراوە.

گوتیشی، "ئەو کەسەی فیشەکی لەدەستدەرچووە تەمەنی 17 ساڵە و کوژراوەکەش تەمەنی 19 ساڵە".

لەبارەی دەنگۆی ئەوەی کە ئەو دوو هاوڕێیە یاریان کردووە و دواتر شەڕیان بووە و یەکێکیان تەقەی کردووە، بەڕێوەبەری پۆلیسی چەمچەماڵ گوتی، ئەو زانیارییە بە ئێمە نەگەیشتووە و ئەوەی تاوەکو ئێستا بە ئێمە گەیشتووە ئەوەیە کە رووداوەکە بە هەڵە روویداوە و لەکاتی پاککردنەوەی دەمانچە فیشەک دەرچووە.

جەختیشی کردەوە کە سبەی دەوام دەستپێدەکات و لێکۆڵینەوەی زیاتر لەسەر رووداوەکە دەکەن و دەنگۆکانیش بە هەند وەردەگرن.