ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا پاکێجی هاوکارییەکانی بۆ ئیسرائیل و ئۆکرانیا پەسەند کرد

بینای کۆنگرەس

ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا رەزامەندی لەسەر دابینکردنی بڕی 61 ملیار دۆلار بۆ هاوکاریی ئۆکرانیا دەربڕی.

ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا لە کۆبوونەوەی رۆژی شەممە 20ی نیساندا رەزامەندی لەسەر دابینکردنی چەندین ملیار دۆلار هاوکاریی سەربازی بۆ ئیسرائیل دەربڕی.

لەبارەی ناردنی هاوکاریی سەربازیی بۆ ئۆکرانیا، پەیمانی باکووری ئەتڵەسیی ناتۆ، پێشوازیی لە بڕیارەکە دەکات و رووسیا بە کارەسات ناویدەبات.

یەنس سۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ پێشوازی لە پەسەندکردنی پاکێجی هاوکارییەکان لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکاوە کرد و رایگەیاند "پێشوازی لێدەکەم".

هاوکات ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا رەزامەندی لەسەر دابینکردنی 26 ملیار دۆلار بۆ هاوکاریی ئیسرائیل دەربڕی، هەر لە بڕیارەکەدا بڕی 8 ملیار دۆلاریش وەک هاوکاری بۆ تایوان دابینکرا.

لەگەڵ دەرچوونی بڕیارەکەدا، جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا دەستخۆشی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی وڵاتەکەی کرد بەهۆی پەسەندکردنی پاکێجی هاوکارییەکانەوە.

رووسیا لەبارەی بڕیارەکەوە دەڵێت: "ناردنی هاوکارییەکانی ئەمریکا بۆ ئۆکرانیا دەبێتەهۆی بە کوشتدانی زیاتری خەڵک بە دەستی رژێمی کیێڤ".

هاوکات یەکێتیی ئەوروپا لەبارەی بڕیارەکەوە لە راگەیەندراوێکیدا گوتی: "پەسەندکردنی پاکێجی هاوکارییەکانی ئەمریکا پەیامێکی روونە بۆ رووسیا".