ژاپۆن بێسەروشوێنبوونی حەوت کەسی لە کەوتنەخوارەوەی دوو هێلیکۆپتەری جەنگی پشتڕاستکردەوە

وەزیری بەرگریی ژاپۆن رایگەیاند، دوو هێلیکۆپتەری هێزیی دەریایی وڵاتەکەی کە هەشت ئەندامی تیمی فڕۆکەوانییان هەڵگرتبوو،  لە باشووری تۆکیۆ کەوتوونەتەخوارەوە.

مینۆرو کیهارا، وەزیری بەرگریی ژاپۆن رایگەیاند، دوو هێلیکۆپتەری هێزی دەریایی ژاپۆن کە هەشت ئەندامی تیمی فڕۆکەوانییان هەڵگرتبوو، لە کاتی مەشقێکی شەوانەدا لە زەریای هێمن لە باشووری تۆکیۆ کەوتنەخوارەوە و حەوت سەرنشین بێسەروشوێنن.

ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێک لە سەرنشینەکان رزگارکراوە و گەڕان بەدوای ئەوانی دیکەدا بەردەوامە.

راشیگەیاند، هۆکاری کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکان تاوەکو ئێستا نەزانراوە و لێکۆڵینەوە لە هۆکاری رووداوەکە بەردەوامە.

بەگوێرەی زانیارییەکان هەشت کەشتیی جەنگی و پێنج فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ دۆزینەوەی بێسەروشوێنبووەکان تەرخانکراون.