بەرپرسی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس لەبارەی هێرشی سوپای ئیسرائیل بۆسەر رەفەح هۆشداریدا و جەختی لە ئامادەیی بزووتنەوەکە بۆ پەرپەرچدانەوەی کردەوە.
ئیسماعیل هەنیە، بەرپرسی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی حەماس لە دیمانەیەکدا بە ئاژانسی ئەنادۆڵوی راگەیاند، ئامانجی ئیسرائیل روونە و دەیەوێت هەموو شتێک لە غەززە لەناوببات.
لەبارەی هەڵوێستی ئەمریکا لەبارەی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە بۆسەر غەززە، هەنیە گوتی، هەڵوێستی ئەمریکا فریودەرانەیە و کرداریان نییە، هەموو ئەو هاوڵاتییە مەدەنیانەی لە غەززە کوژراون، بە چەک و مووشەکی ئەمریکا کوژراون.
هەنیە گوتیشی، ڤیتۆی ئەمریکا دژی ئەندامێتیی تەواوی فەڵەستین لە نەتەوە یەکگرتووەکان نیشانی دەدات کە پشتیوانی ئیسرائیل و دژایەتیی مافەکانی گەلی فەڵەستین دەکات.