ئۆنروا: 10 خولەک جارێک منداڵێک لە غەززە دەکوژرێت

منداڵێک لەناو داروپەردووى خانوویەکى رووخاو لە شارى رەفەح لە باشوورى غەززە دانیشتووە. فۆتۆ: AP

رێکخراوی فریاگوزاریی و کار بۆ پەنابەرانی فەڵەستین (ئۆنروا) رایگەیاند، بەهۆی شەڕی بەردەوامی نێوان سوپای ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس، هەر 10 خولەک جارێک منداڵێک لە غەززە، دەکوژرێت.

رێکخراوەکە لە پەیامێکیاندا لە ئێکس بڵاویانکردووەتەوە، ئاماژەی بەوەکردووە، بەهۆی شەڕەوە ژمارەیەکی بێ شوومار لە منداڵانی غەززە برینداربوون و دەشڵێن، وەستاندنی دەستبەجێی شەڕ، تاکە هیوایە کە مابێتەوە بۆ منداڵان.

بەگوێرەی کۆتا ئاماری راگەیاندنی حکومەتى غەززە، لە دەستپێکى شەڕەکەوە 14 هەزار و 685 منداڵ کوژراون، ئەمەش رێژەی سەدا 43ی کوژراوەکان پێکدەهێنن، کە ئێستا ژمارەی کوژراوانی کەرتی غەززە ئێستا 34 هەزار کەسی تێپەڕاندووە.

لەمانگی کانوونی دووەمى ئەمساڵدا، جیاواز لەئاماری مردن، رێکخراوەکانی غەززە رایانگەیاندبوو، رۆژانە لانیکەم 10 منداڵ لە کەرتەکە بەهۆی هێرشەکانەوە قاچەکانیان لەدەستدەدەن و برسێتیش بڕستی لێ بڕیون.

ئەوەش لەکاتێکدایە، 7ی تشرینی یەکەمی 2023وە شەڕ لە کەرتى غەززە بەردەوامی هەیە و تاوەکودێت ژمارەی قوربانییان زیاتر دەبێت، هەوڵەکانى ئەنجامدانى ئاگربەستى نوێش سەرکەوتوو نەبووە.