لە مۆڵێکی عەربەت ئاگر کەوتەوە

دیمەنی مۆڵەکەی عەربەت دوای ئاگرەکە. فۆتۆ: کەناڵ8

بەرگریی شارستانیی سلێمانی رایگەیاند، لە شارەدێی عەربەت ئاگر لە هادی مۆڵ کەوتوەتەوە و مارکێتێکی ناو مۆڵەکە سوتاوە.

ئارام عەلی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی سلێمانی بە کەناڵ8ـی راگەیاند، لە دەوروبەری کاتژمێر 3:00ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە ئاگر لە مارکێتێکی ناو هادی مۆڵ لە شارەدێی عەربەتی سەربەپارێزگای سلێمانی کەوتوەتەوە.

گوتیشی، لەلایەن تیمەکانی بەرگری شارستانییەوە ئاگرەکە کۆنتڕۆڵکراوە، ئێستادا تەنیا دووکەڵی ئاگرەکە ماوە و رێگریکراوە ئاگرەکە تەشەنەبسەنێت.

گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، تیمەکانیان سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لە هۆکاری ئاگرەکە و تاوەکو ئێستاش زەرەر و زیانەکان نەزانراون.