بەهۆى لافاوەوە لە ئێران 10 کەس گیانیانلەدەستدا

دیمەنێکی لافاو لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان.

بەهۆى بارانى بەخوڕەوە، لە هەشت پارێزگای ئێران لافاو دروستبوو و بەهۆیەوە لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان 10 کەس گیانیانلەدەستدا.

موعینەدین سەعیدی، پەرلەمانتاری ئێران رایگەیاندووە، بەهۆی روودانی لافاو لە ناوچەکانی باشووری پارێزگای سیستان و بەلوچستان، تاوەکو ئێستا 10 کەس گیانیانلەدەستداوە.

سەعیدی راشیگەیاندووە، بەهۆی لافاوەکەوە، رێگا ترانزێتییەکانی ناوچەکە و رێگای بەشێک لە گوند و شارۆچکەکان، بەڕێژەی 70% زیانیان پێگەیشتووە و ئاو چووەتە ناو بەشێک لە ماڵەکانى ناوچەکەوە.

بەگوێرەی میدیای ئێران، بەهۆی ئەو شەپۆلە بارانبارینەوە، کە رووی لە ئێران کردووە، لافاو لە پارێزگاکانی سیستان و بەلوچستان، بوشەهر، خوراسانی رەزەویی، خوراسانی باشوور، فارس، کرمان، هورموزگان و یەزد دروستبووە.

هاوکات ئاژانسی هەواڵی ئیسنا، رۆژی هەینی بڵاویکردبووەوە، لە پارێزگای هورمزگان منداڵێکی تەمەن 10 ساڵ و سێ هاوڵاتیی دیکە لەلافاودا گیانیانلەدەستداوە.

موجیب حەسەنی، قائیمقامی شارۆچکەی نیکشەهر لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان رایگەیاند، بەربەستەکان بۆ پێشگرتن لە لافاو، لە 10 گونددا رووخاون. رێگاکانی زیاتر لە 100 گوندیش داخراون و بەو هۆیەشەوە کێشەی گەورە لە گەیاندنی پێداویستیی مرۆیی بە هاوڵاتییانی ئەو ناوچانە هەیە.

لە مانگی رابردوشدا لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان، لافاوێکی دیکە روویدا و بەو هۆیەوە هەشت هاوڵاتیی دیکە گیانیانلەدەستدابوو.