لە سنە سزای 11 ساڵ زیندانی بەسەر مامۆستایەکی زمانی کوردیدا سەپێندرا

سۆما پوور محەمەدی، مامۆستای زمانی کوردی

سۆما پوور محەمەدی، مامۆستای زمانی کوردی و ئەندامی دەستەی بەڕێوبەوەریی رێکخراوی نۆژین، لەلایەن دادگای شۆڕش لە سنە سزای 11 ساڵ زیندانیکردن و دوورخستنەوەی بۆ کرماشان بۆ دەرکرا.

میدیای رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویانکردەوە، لقی یەکی دادگای شۆڕش لە سنە، بە تۆمەتی "دروستکردنی کۆمەڵە و گروپ بە مەبەستی تێکدانی ئاسایشی وڵات" سزای 10 ساڵ زیندانی و دوورخستنەوە بۆ زیندانی کرماشان، بۆ سۆما پوور محەمەدی، مامۆستای زمانی کوردی و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی رێکخراوی فەرهەنگی – کۆمەڵایەتیی نۆژین لە شاری سنە دەرکردووە.

هەورەها لقی 106ی دادگای تاوانەکان لە شاری سنە بە تۆمەتی "تێکدانی ئاسایشی گشتی" سزای یەکساڵ زیندانیی بۆ سۆما پوور مەحەمەدی دەرکردووە.

سۆما پوور محەمەدی تەمەن 35 ساڵە و کاتێک لە 18ی کانووی دووەمی 2022 دا بۆ بەدواداچوونی دۆسیەی ئیدریس مینبەریی، هاوسەری سەردانی دادگای کردبوو و لە دادگا دەستبەسەر کرا و دوای 27 رۆژ بە کەفالەتى یەک ملیار تمەن، بە شێوەیەکی کاتی ئازاد کرابوو.

رۆژی 18ی نیسانی ئەمساڵ دوایین دانیشتنی دادگایکردنی ئەو مامۆستایەی زمانی کوردی بەڕێوەچوو، کە بڕیاری 11 ساڵ زیندانیکردنی بۆ دەرکرا.