وەرزى دروێنەى گەنم لە عێراق دەستیپێکرد

دیمەنى دروێنەى گەنم.

لە پارێزگاى کەربەلا، پرۆسەى دروێنەکردنى گەنم دەستیپێکردووە، پێشبینیشدەکرێت وەرزى ئەمساڵى گەنم لە پارێزگاکە 200 هەزار تۆن گەنم بێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە 21ـى نیسانى 2024، وەکو یەکەم ناوچەى کشتوکاڵى لە پارێزگاى کەربەلا، وەرزى دروێنەى گەنم دەستپێدەکات و پێشبینیشدەکرێت، ئەمساڵ پارێزگاکە 200 هەزار تۆن گەنم بەرهەمى هەبێت.

سەربارى ئەو شەپۆلە بارانەى لەمانگەکانى رابردوودا عێراق بەگشتى و پارێزگاى کەربەلاى گرتەوە، پێشبینیدەکرێت کۆى گشتى بەرهەمى گەنم لەسەرانسەرى عێراق، شەش ملیۆن تۆن تێپەڕێنێت.

بەهۆى جیاوازىی ناوچەکان و پلەکانى گەرما، ناوچەکانى ناوەڕاست و باشوورى عێراق، زووتر دەست دروێنەى گەنم دەکەن بەراورد بە ناوچەکانى هەرێمى کوردستان و باکوورى عێراق، کە ئەمساڵ جیاوازتر لەساڵانى رابردوو وەرزى دابارینى باران درێژبووەتەوە و پێشبینیشدەکرێت، تاوەکو ناوەڕاستى مانگى ئایار بەردەوامى هەبێت ئەمەش پڕۆسەى دروێنەى گەنم دوادەخات، هەندێک جاریش زۆرى بڕى بارانەکە زیانى بۆ بەرهەمە کشتوکاڵییەکان دەبێت.