ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریى عێراق: رۆژانە 200 حاڵەتى جیابوونەوە تۆمارکراون

ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریى عێراق ئاشکرایکرد، حاڵەتەکانى جیابوونەوەى هاوسەران لە عێراق زیادیکردووە و تەنیا لەماوەى یەک مانگدا، رۆژانە 200 حاڵەتى جیابوونەوە تۆمارکراون.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 21ى نیسانى 2024، ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریى عێراق، دوایین ئامارى حاڵەتى جیابوونەوەى لە عێراق بڵاوکردەوە و ئاماژەى بەوەکردووە، لە مانگى ئازارى رابردوودا، 24 هەزار و 88 حاڵەتى هاوسەرگیری ئەنجامدراون، هەروەها رێژەى جیابوونەوەش لەو مانگەدا گەیشتووەتە شەش هەزار و 222 حاڵەت.

ئاماژەى بەوەشکردووە، بەگوێرەى ئەو ئامارە، رۆژانە لە دادگاکانى سەرانسەرى عێراق، 207 حاڵەتى جیابوونەوە روویانداوە، بەشێوەیەک لە هەر کاتژمێرێکدا هەشت حاڵەتى جیابوونەوە تۆمارکراوە، بەگوێرەی ئامارەکەش بەغدادى پایتەختى عێراق لەپلەى یەکەمى ریزبەندییەکەدایە بۆ ئامارى هاوسەرگیری و جیابوونەوە.