خامنەیى: هێرشەکەى سەر ئیسرائیل پیشاندانى هێزى ئێران بوو

عەلى خامنەیى، رابەرى شۆڕشى کۆمارى ئیسلامى ئێران.

رێبەرى باڵاى شۆڕشى ئیسلامى ئێران دەڵێت، گرنگ ئەوە نییە چەند مووشەکى ئێرانى لەخاکى ئیسرائیلدا ئامانجى پێکاوە، بەڵکو هێز و ئیرادەى گەلى ئێرانییمان نیشاندا.

عەلى خامنەیى، رێبەرى باڵاى شۆڕشى ئیسلامى ئێران لە گوتەیەکدا ئاماژەى بەوەکرد، ئامانجى پرۆسە سەربازییەکەى ئێران دژى ئیسرائیل، پیشاندانى هێزى سەربازیى ئێران بوو لە مەیدانى نێودەوڵەتیدا.

گوتیشى، بابەتەکە پەیوەندى بەوەوە نییە کە چەند مووشەک تەقێندراوە و چەندیان ئامانجیان پێکاوە، ئەوە بنەماى سەرەکى پرۆسەکە نییە.

خامنەیى لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا باسى لەوەکردووە، هێزە چەکدارەکانمان بە کەمترین تێچوو پرۆسەکەیان ئەنجامدا و دەستکەوتێکى گەورەى هەبوو، هەروەها بە داناییەوە ئەنجامدرا.

پاش ئەوەى ئیسرائیل کونسوڵخانەى ئێرانى لە دیمەشقى پایتەختى سووریا کردە ئامانج و بەهۆیەوە چەند کەسێک لەناویاندا بەرپرسى سەربازیى پلە باڵا کوژران، سوپاى پاسداران بە سەدان مووشەک و درۆنەوە هێرشیکردە سەر ئێران، بەڵام بەگوێرەى زانیارییەکانى سوپاى ئیسرائیل، هێرشەکە زیانێکى ئەوتۆى نەبووە و رێگرى لە 99%ـى کراوە.

هاوکات، بەرەبەیانى 19ـى نیسانى 2024، ئیسرائیل هێرشیکردەسەر چەند ئامانجێک لەناو خاکى ئێراندا بەتایبەتى شارى ئەسفەهان، بەگوێرەى زانیارییەکانیش بەشێکى گەورەى سیستمى S300ـى بەرگریى لە ئەسفەهان بەهۆى هێرشەکەوە زیانى بەرکەوتووە.