نووسەرێکی بەرەچەڵەک فەلەستینی خەڵاتی شیعریی جاکسۆن دەباتەوە

فادی جەودە، پزیشک، وەرگێڕ و شاعیری دیاری فەڵەستینی-ئەمریکی، بوو بە براوەی خەڵاتی شیعری جاکسۆن و ستایش کرا.

بۆ ئەمساڵ، داوەرانی خەڵاتی شیعری جاکسۆن، شاعیر و نووسەری دیاری فەڵەستینی-ئەمریکی، فادی جەودەیان وەکو براوەی خەڵاتەکە دیاریکرد و وەکو توانا و بەهرەمەندێکی ناوازەی وڵاتەکەیان دەستنیشانکرد.

خەڵاتی شیعری جاکسۆن، ساڵانە دەدرێت بە باشترین شاعیری ئەمریکا، ئەمساڵ لەچوارچێوەی سێ پانێڵی تایبەتی شیعرییدا، فادی جەودە هەڵبژێردرا و بە بڕی 100 هەزار دۆلار و بەخشینی نازناوی باشترین شاعیری ساڵ، خەڵاتکرا.

دەستەی داوەرانی خەڵاتەکە، لەچوارچێوەی هەڵسەنگاندنیان بۆ کارە شیعرییەکانی فادی جەودە، نووسیویانە: "ئەم شاعیرە توانای گوتنی ئەو شتانەی هەیە کە بوێرییان دەوێت؛ نەگوتراوی گوتووە"، لە وەڵامدا، جەودە دەڵێت، "من بۆ داهاتوو دەنووسم، چونکە ئێستام وێرانکراوە".

فادی جەودە ساڵی 1971 لە ویلایەتی تێکساسی ئەمریکا لەدایکبووە، دایک و باوکی پەنابەری فەڵەستینین و ئەم شاعیرەیان لە وڵاتانی لیبیا و سعودیە پەروەردە کردووە، پاشان دەگەڕێتەوە بۆ ئەمریکا و دەبێت بە پزیشک و شاعیر، تاوەکو ئێستا، خاوەنی شەش کۆمەڵەی شیعرییە و توانیویەتی ژمارەیەک لە شیعرە دیارەکان وەربگێڕێتە سەر زمانی عەرەبی.

خاوەنی چەندین خەڵاتی دیاری ئەدەب و شیعرە، لەوانە: خەڵاتی باشترین شیعری گەنجانی زنجیرەی یاڵ بۆ ساڵی 2007، خەڵاتی PEN، خەڵاتی شیعریی گریفن و خەڵاتی کتێبی عەرەبی ئەمریکی.