دوو گۆڕى بەکۆمەڵ لە غەززە دۆزرانەوە و سەدان کوژراوى تێدایە

پرۆسەى دەرهێنانەوەى تەرمى دوو گۆڕى بە کۆمەڵ لە خان یونس. فۆتۆ: AA

دوو گۆڕى بەکۆمەڵ لەناو کۆمەڵگەیەکى پزیشکى لە شارى خان یونسى کەرتى غەززە دۆزرانەوە و بەگوێرەى زانیارییەکانى حکومەتى غەززە، سەدان کوژراو لەناو ئەو گۆڕە بەکۆمەڵانەدان.

ئیسماعیل سەوابتە، گوتەبێژى حکومەتى کەرتى غەززە بە رۆژنامەنووسانى گوتووە، "ئیسرائیل لەناو کۆمەڵگەى پزیشکیى ناسر، گۆڕى بەکۆمەڵى دروستکردووە، ئەوەش لەپێناو شاردنەوەى تاوانەکانى".

گوتیشى، بەگوێرەى هەڵسەنگاندنەکان نزیکەى 700 قوربانى لەناو ئەو گۆڕە بەکۆمەڵانەدان کە لەلایەن سوپاى ئیسرائیلەوە کوژراون و شاردراونەتەوە، پێشبینیشدەکەن گۆڕى بەکۆمەڵى زیاتر بدۆزنەوە.

بەگوێرەى زانیارییەکانى سەوابتە، زۆرینەی قوربانییەکانى ناو گۆڕە بەکۆمەڵەکان پەنابەران، برینداران، نەخۆش و کارمەندانى پزیشکین، هەروەها تاوەکو ئێستاش چارەنووسى دەیان کەس کە لەناو کۆمەڵگەکەدا بوون نادیارە.

ئەوەشى ئاشکراکردووە، "لەناو گۆڕە بەکۆمەڵەکاندا ژمارەیەکى زۆر تەرم بێسەرن و ژمارەیەک پێستیان پێوەنەماوە و هەندێکیشیان ئەندامانى جەستەیان دزراوە"، داواشى کردووە، "لێکۆڵینەوەى نێودەوڵەتى بکرێت لەبارەى ئەوەى جەستەى بەشێک لە قوربانییەکان تواونەتەوە و شیبوونەتەوە".

بەگوێرەى زانیارییەکان، تاوەکو ئێستا تەرمى 210 کەس لەو گۆڕە بەکۆمەڵانەدا هێنراونەتە دەرەوە.

شارى خان یونس یەکێکە لەو شارانەى باشوورى کەرتى غەززە کە ئیسرائیل لە پرۆسەیەکى سەربازیى فراواندا داگیرى کرد و بەشێکى زۆرى شارەکە بەتەواوەتى وێرانبووە، لەماوەى رابردووشدا لە شارەکە کشایەوە.

دوایین ئامارى وەزارەتى تەندروستیی کەرتى غەززە باس لەوەدەکات، لەسەرەتاى دەستپێکردنى شەڕى غەززەوە تاوەکو ئێستا، 34 هەزار و 97 کەس کوژراون و دەیان هەزار کەسى دیکە بریندارن، زۆرینەی قوربانییەکانیش ژن و منداڵن.