سۆران عومەر: بەغداد داواى داهاتى نەوتى و نانەوتى لە هەرێم دەکات

سۆران عومەر، ئەندامى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق.

تاوەکو ئێستا وەزارەتى دارایى حکومەتى هەرێمى کوردستان لیستى مووچەى مووچەخۆرانى بۆ مانگى نیسان رەوانەى بەغداد نەکردووە، ئەندامێکى ئەنجوومەنى نوێنەرانیش دەڵێت، بەغداد داواى داهاتى نەوتى و نانەوتى لە هەرێم دەکات.

ئەمڕۆ یەکشەممە 21ى نیسانى 2024، سۆران عومەر، ئەندامى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق بە کەناڵ8ـى راگەیاند، نووسراویان بۆ دادگاى فیدراڵى کردووە لە بارەى چارەنووسى سێ مووچەى فەوتاوى ساڵى 2023، بەڵام تاوەکو ئێستا وەڵامنەدراونەتەوە".

گوتیشى، "بەگوێرەى بڕیارەکانى دادگاى فیدراڵى عێراق، پێویستە حکومەتى هەرێمى کوردستان داهاتى نەوتى و نانەوتى رادەستى حکومەتى فیدراڵى بکات و بەدڵنیاییەوە حکومەتى عێراق داواى داهاتى ناوخۆى لە هەرێمى کوردستان کردووە".

لەبارەى ناردنى لیستى مووچەى مانگى نیسانى فەرمانبەرانى هەرێمى کوردستانەوە سۆران عومەر گوتى، "وەزارەتى دارایى هەرێمى کوردستان بەرپرسە لە ناردنى لیستى مووچە، چونکە لە عێراق دابەشکردنى مووچە دەستپێدەکردووە و تاوەکو 25ـى مانگى نیسان دابەشکردنى مووچە کۆتاییدێت".

پێشتریش سەرچاوەیەک لە گەنجینەی سلێمانی بە کەناڵ8ـى رایگەیاند، "لەئێستادا ئامادەكردنی لیستی مووچەی مانگی چوار لە كۆتایی نزیكبووەتەوە، بۆ ئەوەی رەوانەی بەغداد بكرێت".

لەبارەی پلە بەرزكردنەوەی فەرمانبەرانەوە سەرچاوەكە گوتی، "ھیچ رێنماییەك بۆ چۆنێتی دەستپێكردنەوەی پلەبەرزكردنەوەی فەرمانبەران نییە، بەڵام فەرمانگەكان بەگوێرەى ئاگاداركردنەوەیان لەلایەن وەزارەتی داراییەوە لیستەكان ئامادە دەكەن".

جەختى لەوەشکردەوە، "لیستی مووچەی مانگی ئایار بە پلە بەرزكردنەوە و بەبێ پلە بەرزكردنەوە ئامادە دەكرێت و رەوانەی بەغداد دەكرێت".

لە هەرێمی کوردستاندا ملیۆنێک و 180 هەزار مووچەخۆر هەن، لەو ژمارەیە 751 هەزار و 805 کەسیان فەرمانبەری سەربازیی و شارستانین.