هاکان فیدان: 20 رێککەوتن لەگەڵ عێراق واژۆ دەکەین

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا. فۆتۆ: AA

وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، سبەی لەگەڵ بەرپرسانی عێراق 20 رێککەوتن لە چەند بوارێکی جیاوازدا واژۆ دەکەن.

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ محەممەد سالم، وەزیری دەرەوەی مۆریتانیا، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پلانیان داناوە لە سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ عێراق 20 رێککەوتن لە بوارە جیاوازەکان لەگەڵ شاندی عێراق واژۆ بکەن و ئێستا سەرجەم کارەکانی ئامادەکردن و نووسینەوەی رێککەوتنەکانیش کۆتاییانهاتووە.

فیدان لەبارەی رێککەوتنەکانەوە گوتی، ماوەیەکی زۆرە لە ئاستی وەزیران، بەرپرسان و خاوەنکارانی هەردوولا بە وردی کار لەسەر رێککەوتنەکان دەکرێت و لە میانەی سەردانەکەی سەرۆککۆماردا و بە "رێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی" هەوڵەکان بە ئەنجامدەگەیەندرێن.

فیدان گوتیشی، رێککەوتنەکان لە بوارەکانی ئاسایش، وزە، کشتوکاڵ، ئاو، تەندروستی، پەروەردە و چەند بوارێکی دیکەدا دەبن.

وەزیری دەرەوەی تورکیا باسی لەوەشکرد، دوای کۆبوونەوەی ئەردۆغان لەگەڵ سودانی، رێککەوتنەکان لەنێوان شاندی هەردوولا واژۆ دەکرێن.

گوتیشی، کاردەکەن پەیوەندییەکانی تورکیا و عێراق بە دامەزراوەیی بکەن، تاوەکو پەیوەندییەکانیان ببێتە مایەی هێنانەئارای سوودی هەمیشەیی بۆ هەردوولا.

بڕیارە سبەی ئەردۆغان لەگەڵ شاندێکی باڵا سەردانی بەغداد بکات و لەگەڵ عەبدولەتیف رەشید، سەرۆککۆمار و محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەیزرانی عێراق کۆببێتەوە و پاشانیش سەردانی هەولێر بکات و لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان کۆببێتەوە.