کۆمیسیۆن ژمارەی بنکە و ناوەندەکانی دەنگدانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پەسەندکرد

وێنەیەکى ئەرشیفى هاونیشتمانییەک، کە لەکاتى دەنگدان پەنجەى مۆر دەکات. فۆتۆ: حەمەسوور - کەناڵ8

گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کەناڵ8ـی راگەیاند، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ژمارەی کۆتایی بنکە و وێستگەکانی دەنگدانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پەسەندکردووە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 21ـی نیسانی 2024، جومانە غەللای، گوتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بە کەناڵ8ـی راگەیاند، لیژنەی کۆمیسیاران لە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، شەش هەزار و 298 وێستگەی دەنگدان و  هەزار و  266 ناوەندی دەنگدانی بۆ  هەر چوار بازنەکەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان 2024 بۆ دەنگدانی گشتی تەرخانکردووە، هەروەها بۆ دەنگدانی تایبەتیش 746 وێستگەی دەنگدان و 161 ناوەندی دەنگدانیان پەسەندکردووە.

ناوەند و وێستگەکانی دەنگدان بە گوێرەی خشتەیەک کە پشتبە ژمارەی دەنگدەران دەبەستێت بەسەر بازنەکانی دەنگدان دابەشکراون، کە دوو هەزار و 364 وێستگەیان لە بنکەی سلێمانی و دوو هەزار و203 لە هەولێر و هەزار و 595 لە دهۆک و 136 وێستگە لە بازنەی هەڵەبجە دانراوە.

بە گوێرەی خشتەکەیەک کە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان بڵاویکردووەتەوە، کۆی گشتیی ژمارەی دەنگدەران لە هەرێمی کوردستان دوو ملیۆن و 888 هەزار و 162 کەسن، کە ملیۆنێک و 78 هەزار و 687 دەنگدەریان لە پارێزگا یان بازنەی سلێمانین، ملیۆنێک و 11 هەزار و 348یان لە هەولێر و 735 هەزار و 543 لە دهۆک و 62 هەزار و 584 دەنگدەر لە پارێزگای هەڵەبجەن.