سودانی لەگەڵ لایەنە براوەکانی کەرکوک کۆدەبێتەوە

کۆبوونەوەی پێشووی سودانی لەگەڵ هێزە براوەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکوک

محەمەد شیاع سودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق دواى کۆتاییهاتنى سەردانەکەى سەرۆککۆمارى تورکیا بۆ عێراق، جارێکى دیکە هەوڵەکانى بۆ یەکلاکردنەوەى پۆستەکانى حکومەتى خۆجێیی کەرکوک دەستپێدەکاتەوە و لەگەڵ حیزبە براوەکانى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکە کۆدەبێتەوە.

پەروین فاتح، ئەندامى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکوک بە کەناڵ8ـی راگەیاند، محەمەد شیاع سودانى دواى گەڕانەوەى لە ئەمریکا و کۆتاییهاتنى سەردانەکەى رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆمارى تورکیا بۆ عێراق، دەستپێشخەرییەکى دیکە دەکات بۆ یەکلاکردنەوەى پۆستەکانى حکومەتى خۆجێیی کەرکوک و کۆکردنەوەى لایەنە سیاسییەکان.

گوتیشى، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان وەک گەورەترین فراکسیۆنى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکوک، پێداگرە لەسەر وەرگرتنى پۆستى پارێزگار، بەو پێیەى خاوەنى پێنج کورسیی ئەنجوومەنەکەیە.

سەرۆکوەزیرانى عێراق لە ماوەى رابردوودا دووجار لەگەڵ لایەنە براوەکانى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکوک کۆبووەتەوە و چاوەڕواندەکرێت لە کۆتایی ئەم مانگەشدا سێیەم کۆبوونەوەیان لەگەڵدا بکات.

رۆژى 18ـی کانوونى یەکەمى 2023، هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە عێراق بەڕێوەچوو، لەکەرکوک لایەنە کوردییەکان توانییان حەوت کورسیى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکوک بەدەستبهێنن،  پێکهاتەى عەرەب شەش کورسى و پێکهاتەى تورکمان دوو کورسییان بەدەستهێنا، یەک کورسیى کۆتاى ئاشووریەکانیش بۆ بزووتنەوەى بابیلیۆن بوو.