لە دوای نۆ ساڵ، بەرەبەیانی رۆژی دووشەممە گەشتی عومرەکاران لە ئێرانەوە بۆ سعودیە دەستپێدەکاتەوە.
ئاژانسی هەواڵی ئیسنای ئێرانی بڵاویکردووەتەوە، نۆ ساڵ لەمەوبەر و لە دوای رووداوەکانی ناو فڕۆکەخانەی جەددە لە عەرەبستانی سعودیە بەرامبەر زیارەتکارانی ئێران، حکومەتی تاران، گەشتی زیارەتکارانی عومرەی بۆ سعودیە راگرت.
لە دوای ئاسایبوونەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوان ئێران و سعودیە، ئەو دوو وڵاتە لەسەر دەستپێکردنەوەی گەشتی زیارەتکاران رێککەوتوونەتەوە.
بڕیارە بەرەبەیانی دووشەممە 22ی نیسان، یەکەم کاروانی زیارەتکاران لە فڕۆکەخانەکانی تاران و مەشهەدەوە بۆ ئەنجامدانی عومرە روو لە سعودیە بکەن.
هەر کاروانێکی زیارەتکارەکان لە 85 کەس پێکدێت و چاوەڕێدەکرێت پێنج هەزار زیارەتکار لە چوارچێوەی 60 کارواندا سەردانی سعودیە بکەن.
پێشتر بەهۆی کێشەکانی نێوان ریاز و تاران، گەشتی 70 هەزار زیارەتکاری عومرە لە ئێرانەوە بۆ سعودیە راگیرابوو، کە 41 هەزار و 200 کەسیان هەموو مامەڵەکانیان بۆ بەجێهێنانی عومرە تەواو کردبوو.
دەزگای حەج و زیارەتی ئێران رایگەیاندووە، لە گەشتەکان بۆ حەجی عومرە ئەو کەسانە پێشدەخەن، کە پێشتر مامەڵەکانیان تەواو کردووە.
لە 25ی ئازاری 2015 دا، دوو زیارەتکاری نەوجەوانی تەمەن 14 و 15 ساڵی ئێرانی لە فڕۆکەخانەی جەددە بە پاساوی پشکنین لە حاجییە ئێرانییەکانی دیکە جیاکرابوونەوە.
چەند کارمەندێکی فڕۆکەخانەکە هەوڵیاندابوو ئەو دوو نەجەوانە لە رووی جەستییەوە هەراسان بکەن، کە کاردانەوەی حاجییەکانی دیکە و دەستوەردانی کۆنسوڵگەریی ئێرانی لێکەوتبووەوە.
لە دوای کاردانەوەکان، بەرپرسانی سعودی رایانگەیاند، کەسە دەستدرێژیکارەکان دەستگیرکران.
لەلایەن دادگاشەوە هەر یەکەیان بە پێنج ساڵ زیندانیکردن و لێدانی هەزار قامچی و بێبەشکردنیان لە کارکردن لە فەرمانگەکانی حکومەتدا سزادرابوون.
هاوکات لەگەڵ ئەو رووداوەدا، رووداوەکانی لەسێدارەدانی نەمر ئەلنەمر یەکێک لەرابەرانی شیعە لە ساڵی 2015 لە سعودیە و هەر لەو ساڵەدا هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی سعودیە لە تاران، پەیوەندییەکانی تاران و ریازی بۆ ماوەی نۆ ساڵ پچڕاند و لە کۆتایی ساڵی رابردوودا دیسانەوە پەیوەندییەکانی ئەو دوو وڵاتە ئاسایی بوویەوە.