ئەو رۆژنامەنووسە ئەمریکییەی پێشتر لای جیهادی ئیسلامی بارمتە بوو کۆچیدواییکرد

تێری ئەندرسن و کچەکەی فۆتۆ: AP

رۆژنامەنووسێکی ئەمریکی کە پێشتر لای "جیهادی ئیسلامی" بارمتە بوو، لە لوبنان، لە تەمەنی 76 ساڵیدا کۆچیدواییکرد.

رۆژنامەنووسی ئەمریکی "تێری ئەندەرسن" کە لە ساڵی 1985 لەلایەن چالاکوانانی ئیسلامی لە لوبنان رفێندرابوو و بۆ ماوەی شەش ساڵ بە بارمتە گیرابوو لایان، رۆژی یەکشەممە لە تەمەنی 76 ساڵیدا گیانیلەدەستدا، وەک ئاژانسی ئەسۆشیێتد پرێس بڵاویکردووەتەوە.

ئەندەرسن، بەرپرسی نووسینگەی بەیروت بووە لە ئاژانسی ئەسۆشیێتد پرێس و خاوەن درێژترین ماوەی بارمتەی رۆژئاوایی بووە لە لوبنان.

لە ساڵی 1985 تاوەکو 1991 بارمتەی "جیهادی ئیسلامی" بووە لە لوبنان.

بەگوێرەی ئەوەی کچەکەی، سۆلۆم ئەندەرسن دەڵێت: "دوای ئەنجامدانی نەشتەرگەری دڵ کە بەمدواییە بۆیکراوە، لە ماڵەکەی خۆی لە شاری گرینوود لەیک لە ویلایەتی نیویۆرک، باوکی گیانیلەدەستداوە.

ئەندەرسن کە پێشتر سەربازی هێزی دەریایی بووە، بووە رەمزی ئەو مەترسییانەی رۆژنامەنووسانی بیانی و رۆژئاواییەکانی دیکە لە لوبنان دووجاریان بووە، لەو قۆناغە نائارامەی هەشتاکانی سەدەی رابردوو.

دوای ئازادبوونی، ئەندەرسن بیرەوەرییەکانی لە کتێبێکی پڕفرۆشدا نووسیوەتەوە، بەناوی "کۆڵی شێرەکان" کە تیایدا ئەزموون و ژیانی خۆی لەژێر دەستی بزووتنەوەی "جیهادی ئیسلامی"ی لایەنگری ئێران گێڕاوەتەوە.

کچەکەی دوای ماوەیەکی کەم لە رفاندنی، لەدایکبووە و تاوەکو تەمەنی شەش ساڵان چاوی بە باوکی نەکەوت، کاتێک لە بارمتەیی ئازادی دەبێت.

ئەندەرسن کە خەڵکی ئۆهایۆیە، شەش ساڵ لە هێزی مارینزدا کاری کردووە و لە ڤێتنام شەڕی کردووە، پێشئەوەی بگەڕێتەوە ئەمریکا بۆ خوێندن لە بواری رۆژنامەگەری.

ئاژانسی ئەسۆشیێتد پرێس بڵاویکردەوە، پێشئەوەی لە ساڵی 1982 بەرەو لوبنان بڕوات بۆ رووماڵکردنی هێرشی ئیسرائیل، لە ئەمریکا و ژاپۆن و ئەفریقای باشوور کاری کردووە.

دوای ئازادبوونی، ئەندەرسن گەڕاوەتەوە ئەمریکا و لە ژمارەیەک زانکۆ وانەبێژ بووە، پێشئەوەی نزیکەی دە ساڵ لەمەوبەر خانەنشینبێت.