فەرماندەی سوپای پاسداران لە تاران: لە ئەمڕۆوە یاساى حیجاب جێبەجێدەکرێت

ژنێک لەکاتى سەیرکردنى حیجاب لە یەکێک لە بازاڕەکانى تارانى پایتەختى ئێران: فۆتۆ: AP

فەرماندەی فەیلەقی تارانى سوپای پاسداران رایگەیاند، لە ئەمڕۆوە سەرجەم هێزەکانمان ئامادەن بۆ جێبەجێکردنی یاسای حیجاب لە سەرجەم شوێنە گشتییەکانی تارانی پایتەخت.

حەسەن حەسەنزادە، فەرماندەی فەیلەقی تارانی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، گرووپەکانی پۆلیس لەژێر ناوی باڵیۆزەکانی میهر رژدتر جێبەجێکردنی سیاسەتی حیجاب لەشەقام و شوێنە گشتییەکانی تاران پەیڕەو دەکەن.

حەسەنزادە گوتیشی، سەرجەم گرووپەکانی پۆلیس تایبەت بە جێبەجێکردن و سزادانی ئەو کەسانەی حیجاب ناپۆشن مەشقپێکراون، لە فەرمانگە، بازاڕ، رێگەوبان، پارک، شوێنە گشتییەکانی پایتەخت بڵاوەیانپێکراوە.

ئەو فەرماندەیە ئاماژەی بەوەشکرد، دوژمن هەوڵیداوە پارەیەکی زۆر خەرج بکات بۆ ئەوەی لە ناوخۆی ئێران راگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەبێ کۆنترۆڵ بەهێزبکات بۆ بڵاوکردنەوەی تەحەدای حیجاب لە کۆمەڵگەی ئێراندا.

ئەمە لە کاتێکدایە چڕبوونەوەی سیاسەتی سەپاندنی حیجابی زۆرەملێ بەسەر ژنانی ئێراندا،  هاوتەریبە لەگەڵ پلانی نوور کە هەفتەی رابردوو لە ئێران دەستیپێکردووە و کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.

لە ماددەی 638ـی یاسایی حیجابدا هاتووە، ئەوانەی لە شوێنە گشتییەکان پابەندى حیجاب نابن، بە پیبژاردن و زیندانی سزادەدرێن و  پێبژاردنەکەش تاوەکو سێ ملیۆن تمەن دەبێت.

هاوکات ئەندامێکی لیژنەی تایبەت بە پێداچوونەوە بە پرۆژەیاسای پاکیزەیی و حیجاب لە ئێران رایگەیاند، بەگوێرەی پرۆژەیاسای نوێی پاکیزەیی و حیجاب، قەدەغەی گەشتکردن بۆ دەرەوەی وڵات بۆ سەرجەم ئەو کەسانە دەردەچێت کە پابەندی حیجابی زۆرەملێ نابن، جگە لەوەی  لە پرۆژەیاسا نوێیەکەدا هاتووە، ئەگەر فەرمانبەرانی حکومەتیش پابەندی حیجابی زۆرەملێ نەبن، ئەوا یاسا رێگە بە دادوەر دەدات سزای وەک لێسەندنەوەی بەرپرسیارێتی، پلەبەرزنەکردنەوە، تەنانەت دەرکردنیش بەشێوەیەکی کاتی یان هەمیشەیی بۆ ئەو کەسانە دەربکات.