بافڵ جەلال تاڵەبانی: دژی بەرتەسككردنەوەی سنوورەكانی ئازادی و پێشێلكردنی مافی رۆژنامەنووسانین

بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان

سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ساڵیادی رۆژنامەگەریی کوردیدا پەیامێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکردووە، باوەڕی تەواومان بە ئازادیی كاری رۆژنامەوانی و مافی بەدەستهێنانی زانیارییە، بەهەمووشێوەیەكیش دژی بەرتەسككردنەوەی سنوورەكانی ئازادی و پێشێلكردنی مافی رۆژنامەنووسان دەوەستینەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەیامێکدا پیرۆزبایی ساڵیادی رۆژنامەگەریی کوردی لە رۆژنامەنووسان دەکات و دەڵێت، "سوپاس و پێزانین ئاڕاستەی هەموو ئەو قەڵەمە ماندوونەناسانە دەكەین كە لە رابردوودا هەوڵی بەرەوپێشچوونی رەوتی رۆژنامەگەری و هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگەیان داوە".

سەرۆکی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان دەشڵێت، "یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان باوەڕی تەواوی بە ئازادیی كاری رۆژنامەوانی و مافی بەدەستهێنانی زانیارییە، بەهەمووشێوەیەكیش دژی بەرتەسككردنەوەی سنوورەكانی ئازادی و پێشێلكردنی مافی رۆژنامەنووسان دەوەستێتەوە".

بافڵ جەلال تاڵەبانی پێشێلکردنی مافی رۆژنامەنووسان بە "هەڕەشەیەكی جدیی لەسەر دیموكراسی و وێنای هەرێمی كوردستان لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا" دەزانێت و دەڵێت، "بەداخەوە لەماوەی رابردوودا هەرێمەكەمان بەهۆی چەند حاڵەتێكی لەوشێوەیەوە رووبەڕووی رەخنەی توند بووەوە".

سەرۆکی یەکێتی لەپەیامەکەیدا پشتگیریی خۆی بۆ رۆژنامەنووسان دووپاتکردووەتەوە و دەڵێت، "ژینگەیەكی ئازادمان فەراهەمكردووە و داوامان لە رۆژنامەنووسان كردووە بوێربن و ئازادانە رەخنەمان لێبگرن، بە رەخنەكان گەورە دەبین و بەخۆماندا دەچینەوە. لەداهاتووشدا بەهەمان رۆحییەتەوە بەردەوامدەبین و پارێزەری مافی رۆژنامەنووسان دەبین".