گوتەبێژى حکومەتى عێراق: تورکیا ئامادەیى بۆ دووبارە هەناردەکردنی نەوتى هەرێمى کوردستان نیشانداوە

باسم عەوادى، گوتەبێژى حکومەتى عێراق. فۆتۆ: نوسینگەى رۆژنامەوانى سەرۆکوەزیرانى عێراق

 گوتەبێژى حکومەتى عێراق رایگەیاند، پەکەکە رێکخراوێکى قەدەغە کراوە وەکو رێکخراوێکى قەدەغەکراو مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.

باسم عەوادى، گوتەبێژى حکومەتى عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لێکتێگەیشتن لە بوارى ئاو لە نێوان سەرۆکوەزیرانى عێراق و سەرۆککۆمارى تورکیا واژۆ دەکرێت

گوتیشی، "لیژنەى ئەمن و ئاسایشى عێراق باسیلەوەکردووە کە پەکەکە رێکخراوێکى قەدەغە کراوە و وەکو رێکخراوێکى قەدەغەکراو مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.

لەبارەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، باسم عەوادى گوتی، بابەتى هەناردەکردنى نەوتى هەرێمى کوردستان لە کاتى خۆیدا گفتوگۆى لەسەر دەکەین.

ئاماژەی بەوەشکرد، کێشەى نێوان عێراق و تورکیا لەسەر هەناردەکردنەوەى نەوتى هەرێمى کوردستان چارەسەر بووە و تورکیا ئامادەیى بۆ دووبارە هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان نیشانداوە.

لەبارەی پرسی ئاویشەوە، گوتەبێژى حکومەتى عێراق باسی لەوەکرد، عێراق داواى پشکى خۆى لە ئاو دەکات و بۆ بەدەستهێنانى پشکى ئاو پێویست بە رێککەوتنى ئەمنیى دەکات.

گوتیشی، پێویستە کۆمپانیاى سۆمۆ گرێبەستەکانى نەوتى هەرێمى کوردستان بگرێتەدەست

لەبارەی پرسی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانیشەوە، عەوادی گوتی، "بەتایبەت باسى فرۆکەخانەى سلێمانى نەکراوە، ئەگەر کێشە گەورەکانمان چارەسەر کرد کێشە بچووکەکانى دیکەش وەکو کێشەى فڕۆکەخانەى سلێمانى چارەسەر دەبن".