ناوەڕۆکی رێککەوتنەکانی سودانی و ئەردۆغان

ساتی واژۆکردنی رێککەوتنەکان. فۆتۆ: AA

سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، رێککەوتنى چوارچێوەى ستراتیجى نێوان عێراق و تورکیا گرەنتی دابینکردنی ئاو دەکات بۆ ماوەی 10 ساڵ.

محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیى هاوبەشدا لەگەڵ سەرۆککۆمارى تورکیا رایگەیاند، رێککەوتنى چوارچێوەى ستراتیجى لە بوارى ئاو بۆ ماوەى 10 ساڵە و گرەنتى دابینکردنى ئاو دەکات بەشێوەى دادپەروەرانە.

گوتیشی، "بە بەشدارى عێراق و تورکیا و ئیمارات و قەتەر یاداشتێکى لێکتێگەیشتنمان لە بوارى گواستنەوە واژۆ کرد".

سودانی جەختیشکردەوە کە رێگە بەهیچ هێزێک نادەن خاکى عێراق بۆ هێرشکردنەسەر وڵاتانى دراوسێ بەکاربهێنێت و گوتی، "عێراق و تورکیا یەک ئاسایشیان هەیە و جیاناکرێتەوە".

سەرکوەزیرانی عیراق ئاماژەی بەوەشکرد، بە بەشدارى عێراق و تورکیا و ئیمارات و قەتەر یاداشتێکى لێکتێگەیشتنیان لە بوارى گواستنەوە واژۆ کرد.

هاوکات، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆمارى تورکیا گوتی، "عێراق دراوسێمانە و ژمارەیەک بنەماى هاوبەش پێگەوە گرێمان دەدات و ئیرادەیەکى سیاسیمان بۆ بەرەوپێشبردنى پەیوەندییەکانمان هەیە".

گوتیشی، "یاداشتنامە واژۆکراوەکان خاڵى وەرچەخانن لە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ عێراق".

ئاماژەی بەوەشکرد، قەبارەى بازرگانییان لەگەڵ عێراق 20 ملیار دۆلار بووە و دەیانەوێت زیادیبکەن.

لەبارەی پەکەکەوە ئەردۆغان گوتی، پەکەکە رێکخراوێکى تیرۆریستییە و تاوتوێى گرتنەبەرى هەنگاوى هاوبەشمان کرد.

ئەردۆغان باسی لەوەشکرد، رێگاى گەشەپێدان دەبێتە مایەى بوژاندنەوەى ناوچەکە و رژدن لەسەر بەشداریى لە پرۆژەى رێگاى گەشەپێدان.