پیاوێک بەهۆی فرۆشتنی 145 تابلۆی ساختەوە زیاتر لە ساڵێک زیندانی دەکرێت

نیکۆڵاس پی هاچ لە مانگی ئایاری 2023ـدا بەهۆی فرۆشتنی تابلۆی ساختەی پیتەر ماکسی هونەرمەندی نیگارکێشی ئەمریکییەوە دەستگیرکراوە، دانی بە تاوانەکەیدا ناوە.

بەگوێرەی هەواڵێکی ماڵپەڕی " artnews"، نیکۆڵاس 248 هەزار و 600 دۆلاری لە فرۆشتنی تابلۆی ساختە بە 43 کڕیار بەدەستی هێناوە و دادگا بڕیاری داوە کە دەبێت ئەو پارەیە بگەڕێنێتەوە.  

نیکۆڵاس پلانەکەی لەڕێگەی کۆمپانیاکەیەوە بەناوی هاچ ئیستێت سێرڤیسەوە جێبەجێکردووە، چەند کارمەندێکی هەبووە کە واژووی ساختەیان بۆ تابلۆکان کردووە تا وا دەرکەوێت تابلۆکان ڕەسەنن.

یەکەی نیو هێڤن لە FBI لە مانگی کانوونی دووەمی 2021ـدا دەستی بە لێکۆڵینەوەکانی کردووە لەم کارە، دوای ئەوەی یەکێک لە کارمەندەکانی هاچ ئیستێت سێرڤیس زانیارییەکی لەبارەی گومانی ساختەکاری داوە بە پۆلیس.

تابلۆ ساختەکانی ماکس بە نرخی 1325 - 2833 دۆلار فرۆشراون و تەنانەت هەندێکیان بەڵگەنامەی ساختەی ڕەسەنایەتییان لەگەڵدا بووە.

 تابلۆ ڕەسەنەکانی ماکس، کە نیگارکێشێکی تەمەن 86 ساڵە و تووشی نەخۆشی بیرچوونەوە بووە، بە شێوەیەکی گشتی لە زیادکردنە ئاشکراکاندا بە نرخێک لە نێوان 10 بۆ 20 هەزار دۆلاردا دەفرۆشرێن، بەهۆی لەدەستدانی بیرەوەریشییەوە زۆرکات کچەکەی لەسەر مافی میراتەکەی و بەرهەمەکان دێتە دەنگ و بەرگرییان لێدەکات.