لە مەراسیمێکدا دوو دیوانی ئیسماعیل محەمەد بڵاودەکرێنەوە

ناوەندی چاپەمەنیی و رۆشنبیری کارۆ، مەراسیمێک بۆ ناساندن و بڵاوبوونەوەی دوو دیوانی ئیسماعیل محەمەد ساز دەکات.

‎عەتا مەحمود بەڕێوەبەری ناوەندی چاپەمەنی و ڕۆشنبیریی کارۆ، بە کەناڵ8ـی راگەیاند: ناوەندەکەمان مەراسیمێک بۆ بڵاوبوونەوە و ناساندنی دوو بەرهەمی شیعری ئیسماعیل محەمەد بەناوەکانی (زەمەنی جوانی نەماوە – چی تۆم لەبیر دەباتەوە؟) سازدەکات.

‎ئاماژەی بەوەشدا، لە مەراسیمەکەدا، هەردوو هونەرمەند (سەروەر قادر و کاروانی نەی) بە موزیک بەشدار دەبن، هونەرمەند و میدیاکار (حەمید بانەیی) مەراسیمەکە دەبات بەڕێوە، تێیدا شاعیر چەند دەقێکی خۆی دەخوێنێتەوە، لە پەراوێزی مەراسیمەکەشدا دوو کتێبەکە بڵاودەبێتەوە.

‎بڕیارە ڕۆژی چوارشەممە، 24ـی نیسانی 2024 کاتژمێر چواری ‎پاشنیوەڕۆ، لە هۆڵی تەوار مەراسیمەکە بەڕێوەبچێت.