ئەمریکا: حەماس لە دانوستانەکان بۆ ئاڵوگۆڕى بارمتەکان داواکارییەکانی خۆی گۆڕیوە

خۆپیشاندانێکی پێشووتری كەسوكاری بارمتەكان لە تەلئەڤیڤ. فۆتۆ: AP

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، حەماس لە دانوستانەکان بۆ ئاڵوگۆڕى بارمتەکان داواکارییەکانی خۆی گۆڕیوە.

ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، بزووتنەوەی حەماس لە دانوستانەکان بۆ ئاڵوگۆڕى بارمتەکان لەگەڵ ئیسرائیل بە ناوبژیوانی میسر و قەتەر داواکارییەکانی خۆی گۆڕیوە، ئاماژەى بۆ ئەوەشکرد، ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە فشارەکانی بۆ راگرتنی شەڕی غەززە و گەیشتن بە رێککەوتنێک، کە بەگوێرەى ئەو رێککەوتنە ئەو بارمتانەی کە لە دوای هێرشەکەی حەوتی ئۆکتۆبەر گیراون ئازاد دەکرێن.

هاوکات بە گوێرەى راپۆرتی ساڵانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ مافەکانی مرۆڤ نیگەرانی جددی لەبارەی شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە غەززە وروژاندووە، بە ئاماژەدان بە تۆمەتەکانی تاوانی جەنگ.

لە راپۆرتەکەدا کە ساڵی 2023ی گرتووەتەوە، دەڵێت، گومانی تاوانی جەنگی لەلایەن ئیسرائیل و حەماس و گروپە چەکدارەکانی دیکەوە ئەنجامدراوە، پێشێلکارییەکانیش بریتینلە کوشتن، ئەشکەنجەدان، رفاندن و توندوتیژیی سێکسی.

ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند وەزارەتەکەی"سەیری ئەو رووداوانە دەکات کە وروژێنراون".