پۆلیسی راپەڕین: خاوەنی دەرمانخانەیەک بە تۆمەتی دەستدرێژیی بۆ سەر منداڵێکی هەشت ساڵ دەستگیرکرا

وێنەی قوربانییەکە و دەستدرێژیکارەکە

بەڕێوەبەری پۆلیسی راپەڕین بە کەناڵ 8ی راگەیاند، بە تۆمەتی دەستدرێژیکردنە سەر منداڵێکی تەمەن هەشت ساڵان، خاوەنی دەرمانخانەیەکیان لە حاجیاوا دەستگیرکردووە.

مستەفا رەسوڵ بەڕێوەبەری پۆلیسی راپەڕین دەڵێت، کەسوکاری منداڵە تەمەن هەشت ساڵانەکە سکاڵایان لەلای پۆلیس تۆمارکردووە، گوتوویانە منداڵەکەیان لەلایەن خاوەنی دەرمانخانەکەوە دەستدرێژیی سێکسی کراوەتە سەر.

بە گوتەی کەسوکاری منداڵەکە کە قسەیان بۆ پەیامنێری کەناڵ8 کردووە، ئێوارەی رۆژی 21ی ئەم مانگە کوڕە تەمەن هەشت ساڵانەکەیان کە خوێندکاری قۆناغی دووی بنەڕەتییە چووەتە دەرمانخانەکە، لەلایەن خاوەنی دەرمانخانەکەوە دەستدرێژیی کراوەتەسەر و دواتر سکاڵایان لەسەری تۆمارکردووە. پۆلیسی راپەڕینیش رایگەیاند، لە دوێنێوە تۆمەتبارەکەیان دەستگیرکردووە.

پەیامنێری کەناڵ8 دەڵێت، منداڵەکە رەوانەی نەخۆشخانەی گشتیی رانیە کراوە، پشکنینی پزیشکی بۆ ئەنجامدراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەنجامی پشکنینەکان دەرنەکەوتوون.