حسێن ئەمیر عەبدوڵاهیان: سزاکانی یەکێتی ئەوروپا بۆسەر ئێران نایاساییە

ئەمیر حسین عەبدوڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران.

لەدوای سەپاندنی سزای نوێ لەلایەن یەکێتی ئەوروپا بەسەر ئێراندا، بەهۆی هێرشە سەربازییەکەی بۆسەر ئیسرائیل،حسێن ئەمیر عەبدوڵاهییان، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، سزاکانی یەکێتی ئەوروپا نایاساییە.

رۆژی سێشەممە 23ـی نیسانی 2024، وەزیری دەرەوەی ئێران لەبارەی سزا نوێکانی یەکێتی ئەوروپاوە گوتی، سزاکان دژی مافی بەرگريی لەخۆکردنە، بەگوێرەی یاساکانی نەتەوەیەکگرتووەکان.

گوتەکانی ئەمیر عەبوڵاهییان لەدوای ئەوەدێت، دوێنێ لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا لە لوکسێمبورگ بریاردرا بە سەپاندنی سزای نوێ بەسەر ئێران، بەهۆی هێرشەکانی بۆسەر ئیسرائیل.

هاوکات، جۆزێپ بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند، سزاکان دژی ئەو دامەزراوە و کەسانەیە کە دەستییان هەیە لەبەرهەمهێنانی درۆن و مووشەکی بالیستی لە ئێراندا.

شەوی 13ـی نیسانی ئەم مانگە، ئێران لەوەڵامی هێرشی ئاسمانی بۆسەر کۆنسوڵی وڵاتەکەی لە دیمەشق و کوژرانی دوو فەرماندەی باڵای سوپای وڵاتەکەیدا، بە زیاتر لە 300 درۆن و مووشەکی بالیستی هێرشیکردە سەر ئیسرائیل، لەدوای هێرشەکەش سزای نوێ بەسەر حکومەتی تاراندا سەپێندرا.