یەکێتیی ئەوروپا سزاکانی سەر ئێران فراوانتر دەکات

دیوی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا فۆتۆ: AP
دیوی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا فۆتۆ: AP

بۆ رووبەڕووبونەوەی بەرنامەی مووشەکی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێران و  گواستنەوەی چەک بۆ بریکارەکانی تاران لە ناوچەکەدا، یەکێتیی ئەورووپا مەودای سزاکانی سەر ئێران فراوانتر دەکات.

جۆزێف بۆرێل، بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا رایگەیاند، ئەندامانی یەکێتیەکە رێککەوتوون لەسەر فراوانکردنی بازنەی سزاکانی سەر ئێران بۆ رووبەڕووبونەوەی بەرنامەی مووشەکی، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و گواستنەوەی چەک بۆ بریکارەکانی تاران لە ناوچەکەدا.

بۆرێل دەڵێت، دوای کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا لە شاری لۆکسمبۆرگ تاوتوێی سەپاندنی سزای نوێ بەسەر ئێراند کرا ئەوەش لە کاردانەوەی ئەو هێرشەی کە سوپای پاسداران بۆ سەر ئیسرائیل ئەنجامیدا.

دوای کۆبوونەوەکە، بۆرێل ئاماژەی بەوەدا، کە ئەندامانی یەکێتیی ئەوروپا رێککەوتوون لەسەر فراوانکردنی گەمارۆکانی ئێستایان دژی بەرنامەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی ئێران و ئەگەری گواستنەوەی ئەو چەکانە بۆ میلیشیاکانی ناوچەکە و وڵاتانی دیکەی وەک رووسیا.

ئەمە لەکاتێکدایە حەجە لەحبیب، وەزیری دەرەوەی بەلجیکا، گوتی: "ئەو سزا نوێیانەی کە یەکێتیی ئەوروپا دژی ئێران دەریکردوون، لە کاردانەوە بە هێرشی ئەمدواییەی ئەو وڵاتە بۆ سەر ئیسرائیل دێت".

لەحبیب پێش کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا لە لۆکسمبۆرگ بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، تاوەکو ئێستاش هیچ رێککەوتنێک لەسەر بنەمای یاسایی بۆ زیادکردنی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ لیستی ئەو لایەنانەی یەکێتیی ئەوروپا نییە کە بە رێکخراوی تیرۆریستی دادەنرێن لە یەکێتیەکەدا، بەزووترین کاتیش ئەندامانی یەکێتییەکە تاوتوێی ئەم پرسە دەکات.

هەروەها لە چەند هەفتەی رابردوودا فەڕەنسا و ئەڵمانیا کە دوو زلهێزی سەرەکیی یەکێتیی ئەوروپان، پشتیوانییان لە سنووردارکردنی زیاتری هەناردەکردنی کاڵا بۆ ئێران کردووە بە مەبەستی پەکخستنی بەرهەمهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکی ئێران.