فازڵ نەبی: کێشە بۆ مووچەی هەرێمى کوردستان دروستدەبێتەوە

فازڵ نەبى، بریکارى پێشووترى وەزارەتى دارایى عێراق. فۆتۆ: کەناڵ8

بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق هۆشدارى لە دروستبوونى کێشە دەدات بۆ مووچەى مووچەخۆرانى هەرێمى کوردستان و دەڵێت: "ئەگەر حکومەتى هەرێمى کوردستان هەنگاوى ئەرێنى نەنێت بۆ چارەسەرکردنى کێشەی تەوتین، گرفت بۆ دابەشکردنى مووچەی مانگەکانی پێنج و شەش دروستدەبێتەوە".

رۆژی سێشەممە، 23ى نیسانى 2024، د. فازڵ نەبی، بریکاری پێشووی وەزارەتی دارایی عێراق بە کەناڵ8ى راگەیاند، "ئەگەر کێشەی بەبانکیکردن (تەوتین)ی مووچەخۆران و بابەتی هەژماری من  چارەسەر نەکرێت، ئەگەری هەیە لە مانگەکانی داهاتوو کێشە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمى کوردستان دروستببێتەوە، بۆیە پێویستە حکومەتی هەرێمى کوردستان لەم بارەوە بڕیاربدات".

گوتیشى، "ئەگەر بەزووترینکات شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان نەچێتە بەغداد بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە، ئەوە ئەگەری هەیە گرفت بۆ مووچەی مانگەکانی پێنج و شەش دروستببێت، بەڵام مووچەی مانگی نیسان دەنێردرێت".

جەختى لەوەشکردەوە، "ئەگەر ئێمە وەک هەرێمی کوردستان خۆمانی لێکەڕبکەین، سوور بین لەسەر هەژماری من و بەغدادیش سوور بێت لەسەر بەبانکیکردن، بێگومان کێشە دروستدەکات، مووچەخۆر دەبێتە قوربانی".