قوباد تاڵەبانی: داوای لابردنی سزاکانی سەر فڕۆکەخانەی سلێمانیم لە ئەردۆغان کرد

یەکتربینینى رەجەب تەیب ئەردۆغان و قوباد تاڵەبانى لە فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتى هەولێر.

جێگرى سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان ئاشکرایکرد، لە کۆبوونەوەى دوێنێدا داواى پێداچوونەوە بەبڕیارى داخستنى ئاسمانى تورکیاى بەڕووى فڕۆکەخانەى سلێمانى، لە ئەردۆغان کردووە.

قوباد تاڵەبانى، جێگرى سەرۆکوەزیرانى هەرێمى کوردستان لەتۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبووک بڵاویکردووەتەوە، "بەشداربووم لەکۆبوونەوەی سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەتی هەرێم، لەگەڵ سەرۆککۆمارى تورکیا و وەفدی یاوەریان".

ئاماژەى بەوەشکردووە، "لەکۆبوونەوەکەدا داوام لە بەڕێز رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆمارى تورکیا کرد پێداچوونەوە بکەن بەبڕیاری داخستنی ئاسمانی تورکیا بەڕووی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانیدا".

رۆژى 3ـى نیسانى 2023، هێڵى فڕۆکەوانى تورکیا سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکانى بەڕووى فڕۆکەخانەى سلێمانیدا راگرت، دواتریش حکومەتى تورکیا بڕیاریدا رێگە بەهیچ فڕۆکەیەک نەدرێت لە تورکیاوە گەشت بۆ سلێمانى بکات.

رۆژى دووشەممە 22ـى نیسانى 2024، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆمارى تورکیا بەیاوەرى وەفدێکى باڵاى وڵاتەکەى گەیشتە بەغدادى پایتەختى عێراق و لەگەڵ سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانى عێراق کۆبووەوە، دواتریش چەند رێکەوتنێک لەنێوان عێراق و تورکیا واژۆکران و پاشەئەوەش کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانى هاوبەش لەنێوان محەمەد شیاع سودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق و ئەردۆغان لە شارى بەغداد بەسترا.

 لە دوا وێستگەى سەردانەکەى بۆ عێراق، سەرۆککۆمارى تورکیا سەردانى شارى هەولێریشى کرد و لەگەڵ بەرپرسانى هەرێمى کوردستان کۆبووەوە.