نێتفلیکس خانمێکی کورد وەکو رزگارکەری جیهان دەناسێنێت

خانمە جەنگاوەری خەیاڵیی کوردی، کە لە زنجیرەیەکی کۆمپانیای نێتفلیکسدا، وەکو رزگارکەری جیهان نیشاندەدرێت، کاردانەوە و توڕەبوونی تورکەکانی لێکەوتووەتەوە.

زنجیرەی "کێشەی سێ تەنەکە"، کە کورتە زنجیرەیەکی بەناوبانگی تۆڕی بەرهەمهێنان و بڵاوکردنەوەی نێتفلیکسە، سەرنجی خستووەتە سەر بوێریی و نەبەردیی خانمە جەنگاوەرە کوردەکان و لە سایەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا، هەڵبژێردراوە بۆ رزگارکردنی جیهان.

لە ناوەڕۆکی زنجیرەی کێشەی سێ تەنەکەدا، جیهان خۆی لەبەردەم مەترسیی بوونەوەر و تەنە نامۆ گەردوونییەکاندا بینیوەتەوە، مرۆڤایەتیی لە لێواری لەناوچووندایە و رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، سێ نوێنەری سەرەکیی دیارییدەکات وەکو رزگارکەری جیهان، کە یەکێکیان، خانمە جەنگاوەرێکی کوردە بەناوی لەیلا ئاریش.

کەسایەتیی و کارەکتەری لەیلا لەم زنجیرەیەدا، گوزارشتە لە بەهێزیی و نەبەردیی خانمانی کورد، لە بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارییە گەورەکان و نەهێشتنی تیرۆری جیهانییدا، بەم مەبەستە، نێتفلیکس توانیویەتی لەناو زنجیرەکەیدا ستایشی خانمە کوردەکان بکات و وەکو رزگارکەری جیهان نوێنەریان بۆ هەڵبژێرێت.

هەڵبژاردنی ئەم کەسایەتییە کوردییە، راستەوخۆ کاردانەوەی لێکەوتووەتەوە، تورکەکان هێرش دەکەنە سەر کۆمپانیای نێتفلیکس و بە توندڕەو ناوی دەبەن، ئەمەش لەکاتێکدایە، رۆمانی رەسەنی زنجیرەکە، لە کتێبی مێژوونووسێکی جەنگیی چینییەوە وەرگیراوە و سێ کەسایەتیی دیاریکردووە بۆ رزگارکردنی جیهان.

لەیلا ئاریش لەناو زنجیرەکەدا، هەڵگری ناسنامەیەکی رەسەنی کوردییە، بە جلوبەرگی خانمە جەنگاوەرەکانی رۆژئاوا دەناسێنرێت و دەکرێت بە سیمبولی ژیانەوە و پاراستنی مرۆڤایەتی، ئەمەش هۆکاری سەرەکیی توڕەبوونی تورکەکانە و لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا هەڵمەتێکی بەرفراوانیان دەستپێکردووە بۆ دژایەتیکردنی ئەم زنجیرەیە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، کورد لە ئاستی کولتوور و میدیای رۆژئاواییدا، بە پارێزەر و رزگارکەری جیهان ناسێنراون، لە بەرەی پێشەوەی بەرەنگاربوونەوەی توندڕەوییدان و لەچوارچێوەی بەرهەمە سینەماییە رۆژئاواییەکاندا ستایشی گەورە دەکرێن.