عێراق دەستپێکردنی ئامادەکارییەکانی بۆ ناردنی حاجیان بۆ بەجێهێنانی حەجی ئەمساڵ راگەیاند

ئەنجامدانی فەریزەی حەج لەلایەن بەشێك لە موسڵمانانەوە- فۆتۆ: AA

وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی عێراق رایگەیاند، بە هەماهەنگی لەگەڵ دەستەی حەج و عومرە، ئامادەکارییەكانیان دەستپێكردووە بۆ ناردنی حاجیان بۆ بەجێهێنانی حەجی ئەمساڵ.

ئەمڕۆ سێشەممە، 23ی نیسانی 2024، نوسینگەی راگەیاندنی وەزارەتەکە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەیان بەوەکردووە، کە وەزارەتەکە دەستیکردووە بە جێبەجێکردنی قۆناغی دووەمی پلانی کارەکانیان، بەهەمەچەشنکردن و فراوانکردنی تۆڕەکانی هێڵی گواستنەوەی ئاسمانی.

ئاماژە بەوەش کراوە، بەگوێرەی رێنماییەکانی رەزاق موحەیبس ئەلسەعداوی، وەزیری گواستنەوە و گەیاندن، ژمارەیەکی زیادەی فڕۆکەیان ئامادەکردووە بۆ وەرزی حەج.

راشیانگەیاندووە، هێڵە ئاسمانییەکان توانیویانە پلانێک بۆ پەرەپێدانی کەرتی گواستنەوەی ئاسمانی بگرنەبەر، بەجۆرێک کە هیچ حاڵەتێکی دواکەوتنی گەشتەکان تۆمار نەکرێت، ئەمە جگە لەوەی وەزارەتەکە دەڵێ دەستیانکردووە بە جێبەجێکردنی قۆناغی دووەمی پلانێک، کە بریتییە لە بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەکان و رەخساندنی هەلی کێبڕکێ لەنێوان کۆمپانیا جیاوازەکاندا.