تەسبیحێکی پاککەرەوە بەسەر حاجیاندا دابەشدەکرێت

کۆمپانیایەکی بواری پەرەپێدانی کاڵاکان، یەکەمین تەسبیحی پاککەرەوەی پەرەپێداوە و پلان وایە ئەمساڵ لە کاتی حەجی حاجیاندا دابەشبکرێت.

تەسبیحەکە، کە ناوی لێنراوە پرۆتێکتەسبیح، لەلایەن کۆمپانیایەکی بەڕیتانییەوە پەرەپێدراوە. تێیدا پشتبەستراوە بە بەکارهێنانی داری چا، کە بە شێوازێکی سروشتی تایبەتمەندیی پاککەرەوە و دژەبەکتریای هەیە. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە کۆمپانیاکە بەهۆی حەرامیی کحول لە ئیسلامدا، نەیانتوانیوە لە بەرهەمەکانیاندا بەکاریبهێنن.

یەکێکی دیکە لە تایبەتمەندییەکانی بەرهەمەکە ئەوەیە کە دوای ئەوەی رووکەشە پاککەرەوەکەی نەما، ناوکەکەی دەمێنێتەوە و هێشتا دەتوانرێت وەکو تەسبیح بەکاربهێنرێت.

وا بڕیارە ئەمساڵ لە کاتی گواستنەوەی سەردانیکەران بۆ حەجکردن، هێڵی ئاسمانیی سعودییە ئەم بەرهەمە بەسەر سەرنشینەکانیدا دابەشبکات. ئامانج لەم کارە ئەوەیە کە لەڕێگەی ئەم تەسبیحەوە دەستی حاجیان پاکبکرێتەوە لە بەکتریا جۆراوجۆرەکان، بۆئەوەی کەمترین ئەگەری گواستنەوەی نەخۆشییەکان لە کاتی بەجێهێنانی ئەرکی حەجکردندا هەبێت.