چۆن قێزکردنەوە لە نەخۆشییەکان دەمانپارێزێت؟

هەستی قێزکردنەوە میکانیزمێکی بەرگرییە بۆ مرۆڤ

زۆرجار کە شتێکی پیس دەبینرێت، جا ئەم شتە خواردنێکی بۆگەن، ئاژەڵێکی مردوو کە لاشەکەی رزیوە، خواردنێکی سەر جاددە کە فرۆشیارەکەی لەبەردەم کڕیارەکەدا لووتی پاکدەکاتەوە، یان هەر هۆکارێکی دیکە بێت، لە جەستەماندا یەکسەر هەستی قێزکردنەوە چالاکدەبێت، چاومان تەسک و بچووک دەکەینەوە، لێوی سەرەوەمان بەرزدەکەینەوە و دەموچاومان بەسەر یەکدا دەترشێنین، دەست بە لووتمانەوە دەگرین و دووردەکەوینەوە، هەموو ئەمانە بە ئوتۆماتیکی روودەدەن، لە هەرکوێیەکی جیهانیش بێت مرۆڤ هەمان کاردانەوەی هەیە بۆ شتی پیس.

بەگوێرەی بەدواداچوون و گووتەی ئەو زانایانەی کار لەسەر پەرەسەندنی مرۆڤ دەکەن، قێزکردنەوە یەکێکە لەو میکانیزمانەی بەشێوەیەکی بەرچاو یارمەتیی مرۆڤی داوە کە خۆی بپارێزێت و دووربکەوێتەوە لە ئەو شتانەی سەرچاوەی هەوکردن و نەخۆشکەوتنن.

لە یەکێک لە توێژینەوەکاندا، حەوت وێنە دەخرێنە بەرچاوی ژمارەیەک بەشداربوو کە خەڵکی وڵاتی جیاوازن، بەشێک لە وێنەکان، وێنەی شتی پیسن کە ئەگەر بخورێن یان دەستیان لێبدرێت، دەبنەهۆی نەخۆشی، بەشێکیشیان وێنەی ئەو شتانەن کە نابنەهۆی نەخۆشی. کاتێک پسپۆڕان چاودێریی کاردانەوەی بەشداربووان دەکەن، بۆیان دەردەکەوێت کە %98یان کاردانەوەی قێزیان هەیە بەرامبەر ئەو شتانەی هۆکارن بۆ نەخۆشکەوتن.

خۆت بهێنەرە جێگەی مرۆڤێک کە 25 هەزار ساڵ لەمەوبەر ژیاوە، رۆژانە رۆیشتووە بۆ راوکردن، یان کۆکردنەوەی بەروبوومە رووەکییەکان تاوەکو خواردنی دەستبکەوێت. ئەو مرۆڤانەی کە قێزیان نەکردووەتەوە، لەوانەیە بەئاسایی دەستیانبردبێت بۆ گۆشتی ئاژەڵێکی مردوو، یان بەرهەمی رووەکێک کە لە زەوییەکە کەوتووە و گەنیوە، ئەمەش وایکردووە زوو نەخۆشبکەون و زووتر بمرن؛ بەڵام ئەوانەی قێزیان کردووەتەوە، راستەوخۆ بەهۆی هەستی قێزکردنەوە لە خۆراکە پیسەکان دوورکەوتوونەتەوە و تەنیا ئەو گۆشت و رووەکانەیان خواردووە کە پاکبوون، ئەمەش وایکردووە تەمەنێکی زیاتر بژین و هەلیان زیاتر بێت بۆ وەچەخستنەوە؛ بۆیە نەوەی داهاتووی ئەو مرۆڤانە، زیاتر منداڵی ئەوانە بوون کە قێزیان کردووەتەوە؛ منداڵەکان لە دایکوباوکیانەوە فێربوون کە قێزبکەنەوە، ئەمەش وایکردووە کە بەرەبەرە هەستی قێزکردنەوە لەناو مرۆڤدا ببێت بە شتێکی باو..

بەگوێرەی لێکدانەوەی پسپۆڕان، تەنانەت ئەو کاردانەوەی لە کاتی قێزکردنەوە لەسەر روخسار دەردەکەوێت، پارێزەرە. بۆنموونە چاو دادەخرێت یان بچووکدەکرێتەوە، لێوی سەرەوە بەرزدەکرێتەوە و دەبێت بە بەربەستێک بۆ لووت، یان دەست بە لووت و چاوەوە دەگیرێت؛ هەموو ئەمانە وادەکەن ئەو بەکتریا و ڤایرۆسانەی لە دەوروبەری خۆراکە پیسەکە بڵاوبوونەتەوە، بەئاسانی لەڕێگەی چاو و لووتەوە نەچنە ناو جەستەوە.

لەوانەیە بیستبێتت کە ژنانی دووگیان لە سێ مانگی یەکەمی دووگیانیدا زیاتر قێزدەکەنەوە و خۆیان لە خۆراکە جیاوازەکان بەدووردەگرن؛ یەکێک لە لێکدانەوەکان بۆ ئەم دیاردەیە، دابەزینی توانای سیستمی بەرگریی خانمانە لە سێیەکی دووگیانیدا. کاتێک بەرگریی خانمەکە دادەبەزێت، ئەگەری تووشبوونی بە نەخۆشی بەهۆی بەکتریا و ڤایرۆسەکانەوە زیاتردەبێت، بەڵام زیادبوونی قێزکردنەوە وادەکات خانمەکە زیاتر خۆی بپارێزێت لە نزیکبوونەوە لەو خۆراکانەی کە سەرچاوەی گەیشتنی بەکتریا و ڤایرۆسەکانن بە جەستە، ئەمەش نیمچە قەرەبوویەکە بۆ دابەزینی توانای سیستمی بەرگریی خانمان لە سێیەکی یەکەمی دووگیانیدا.

بەگشتی، قێزکردنەوە، ئەو هەستە سادەیەیە کە هەروا ئاسان بەسەر هەمووماندا تێپەڕدەبێت و بیری لێناکەینەوە، دەکرێت یارمەتیدەرێکی زۆر باش بێت بۆ سیستمی بەرگرییی جەستەمان و هۆکارێکی سەرەکیش بووبێت بۆ مانەوەی مرۆڤ لەو کاتانەدا کە پێوەرێکی زانستی نەبووە بۆ جیاکردنەوەی خۆراکی پاک و پیس